خشتەی مانگی رەمەزانی مۆلیدەکان راگەیەنرا

:: PM:01:49:25/05/2017 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەمە دوای کۆبوونەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا خشتەیەکی نوێی کارەبا بۆ مانگی رەمەزان راگەیەنرا.

قارەمان مەولوود بەڕێوەبەری مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ "وشە" روونی کردەوە لە کۆبوونەوەکە بڕیاریان داوە خشتەی کارەبای هەولێریش هاوشێوەی سلێمانی لێ بکرێت.

بە پێی ئەو خشتە نوێیە لە سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆوە تا سەعات چواری بەرەبەیانی هەر کاتێک کارەبای نیشتیمانی پچڕا، ئەوا دەبێت خاوەن مۆلیدەکان کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن.

ئەو بەرپرسەی مۆلیدە ئەهلییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ چارەیەک جگەلەمەیان نەبوو و ناکرێت لە رەمەزاندا هاووڵاتیان بێ کارەبا بن ئەگەرچی کرێی کارەبایان لەو مانگەدا بەرز دەبێتەوە.

لە سبەی هەینییەوە دەست بە جێبەجێکردنی خشتەی نوێی کارەبا دەکرێت و ئەو خشتەیە دەورووبەری هەولێریش دەگرێتەوە.

بە گوێرەی خشتەكەی ١٠ رۆژی رابردوو، لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ تا پێنجی ئێوارە هەر كاتێك كارەبای نیشتیمانی پچڕابا، پێویست بوو مۆلیدەكان كارەبا بە هاووڵاتیان بدەن. هاوكات لە سەعات حەوتی ئێوارەوە تا سەعات یەكی شەو دیسان ئەو ئەركە خرابووە سەر شانی مۆلیدەكان كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانای دابینكردنی كارەبای كەمتر دەبێتەوە و هۆكارەكەش بۆ بەكاربردنی زیاتری كارەبا دەگەڕێتەوە چونكە ئەو كارەبایەی حكوومەت بەرهەمی دەهێنێت دیاریكراوە.




وشە - سلێمان تاشان