مووسڵ.. 10 هەزار كەس ئاوارە بوون

:: AM:09:17:27/10/2016 ‌

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، لەو كاتەی جەنگی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كردووە تا ئێستە، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی ناوچە جیاجیاكانی ئەو پارێزگایە ئاوارە بوون.

نووسینگەی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، زیاتر لە 10 هەزار و 500 كەس لە سەرەتای دەست پێكردنی هەڵمەتی رزگاركردنی مووسڵ تا ئێستە ئاوارە بوون و پێویستی زۆریان بە كۆمەكی مرۆیییە.

هەروەها گوتی، ژمارەی ئاوارەكان لە دوو رۆژ ڕابردوو بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و رێژەیان زۆر زیاترە لەوەی كە رێكخراوەكانی بە هاناوەچوون خەمڵاندنیان بۆ كردبوون.

ئاماژەی داوە، رێكخراوەكانی مرۆیی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەردەوامن لە دانانی خێوەت و شوێنی مانەوە لە كەمپەكان بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە پێشوازی لە ئاوارەكان بكەن، بەڵام هاتنی ئەو رێژە زۆر لە پێشبینی هیچ كەسدا نەبوو.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە: ئیرۆنیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د