شێخێكی ئەزهەر: ڕۆژووگرتن تەنیا لەسەر دەوڵەمەندەكان ئەرك و واجبە

:: PM:01:42:27/05/2017 ‌

سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە دنیا لە فتوایەكدا ئاشكرای كرد، ڕۆژووگرتن تەنیا ئەركە " فەرزە" لەسەر دەوڵەمەندان و هەژاران سەرپشكن لەوەی بەڕۆژوو ببن یان نا.

شێخی ئەزهەر "مستەفا ڕاشد" سەرۆكی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە دنیا ڕای گەیاند، بەگوێرەی ئەو حیساباتانەی لەسەر هاووڵاتییانی میسر ئەنجام دراوە و گەیشتوون بەو ئەنجامەی كە هەر هاووڵاتییەكی میسری مانگانە داهاتی لە 500 دۆلار كەمتر بێ، ڕۆژووگرتن لەسەری فەرز نییە و دەتوانێ بەڕۆژوو نەبێت.

مستەفا ڕاشد لە دەركردنی ئەو فتوایە پشتی بە فەرموودەیەكی پەیامبەر بەستووە كە دەڵێ، "هو الذي لا يملك قوته وقوت أسرته لمدة شهر والذي لا يملك منزلا، والذي لا يملك دابة، وهي تعادل سيارة في وقتنا الحالي”. ئەو دەڵێ بەگوێرەی ئەو پێناسە و ئەو حیساباتانەی من كردوومە، كەسی هەژار لە میسر كەسێكە كە مانگانە داهاتەكەی ناگاتە 750 دۆلاری ئەمەریكی، داهاتەكەی لە ژێر 500 دۆلاری ئەمەریكییە.

ئاماژەی داوە، هەرچەندە ڕێژەی گشتی بۆ هەژاران لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دەگۆڕێت، بەڵام پێناسەكەی پەیامبەر هەروەك خۆیەتی و بۆ هەمووان وەك یەكە.

لە بەشێكی تری قسەكانی شێخ مستەفا ڕاشد هێما بۆ ئەوە دەكات، ئامانج لە ڕۆژووگرتن بریتییە لە تێركردنی هەژاران، بۆ ئەوەیە هەموو ڕۆژێك هەژاران خواردن بخۆن و بخۆنەوە و دەوڵەمەندانیش پێویستە و فەرزە بەڕۆژوو بن، بۆ ئەوەی هەژارانیان بیر بكەوێتەوە.

سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە دنیا دەڵێ، ئەو فتوایەم هاندان نییە بۆ ئەوەی هەژاران بەڕۆژوو نەبن، بەڵكو ئەوان سەرپشكن لەوەی بە ڕۆژوو ببن یان نا، ئەمەش ڕوونكردنەوەی زیاتری شەرعە.

دەپرسێ بەگوێرەی ئایەتی 184ی سوورەتی بەقەرە، هەركەسێك نەخۆش بێ و لە گەشت بێ، دەتوانێ لە جیاتی بەڕۆژووبوون خۆراك بە هەژاران بدات، بەڵام هەژاران هەموو ڕۆژ جیا لە مانگی ڕەمەزانیش هەر برسین، ئەگەر ئەو نەتوانێ خۆی تێر بكات، چۆن دەتوانێ هەژارێكی تر تێر بكات.

دووپات لەوەش دەكاتەوە، ڕۆژووگرتن بنەماكەی بریتییە لە بەخشین و هەستكردن بە هەژاران، ئەگەر بەخشین نەبێ ڕۆژووبوون بەهاكەی نامێنێ، لەبەر ئەوەش هەژاران لەسەریان نییە بەڕۆژوو ببن.

شێخەكەی ئەزهەر ڕوونی كردووەتەوە، ئەوانەی كاری قورس دەكەن و ماوەیەكی زۆری ڕۆژ لە بەرهەتاون و وزەی پێویستیان نامێنێ، وەك كرێكارانی ئاسنگەر و دارتاش و جووتیار و هەر كارێكی تری قورس، ڕۆژووگرتنی لەسەر فەرز نییە و ئەوانەیش كە لە ژێر گەرمای سەرووی 30 پلەی سیلیزی كار دەكەن و پێویست ناكات بە ڕۆژوو ببن، چونكە گورچیلە و تەندروستییان لە دەست دەدەن و پێویستە پابەندی ئەو بنەما شەرعییە بن كە دەڵێ، لا ضر و لا ضرار.

سەرچاوە/ئەلحورە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د