"وشه‌" سه‌تان خانه‌نشینی نایاسایی پله‌ باڵا ئاشكرا ده‌كات

:: AM:10:33:28/05/2017 ‌

تا ئێستە كێشەی خانەنشینی نایاسایی لە كوردستان چارەسەر نەكراوە و دەستەی دەستپاكی هەرێم لە ساڵی پارەوە، سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانی لە ژمارەیەك خانەنشینی نایاسایی ئاگەدار كردووەتەوە و داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستانیش رای دەگەیەنێت، حكوومەت وەڵامی كۆنووسی لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەو بابەتە نەداوەتەوە.

بەپێی نووسراوی ژمارەی 101ی دەستەی دەستپاكی كوردستان كە ئاراستەی نووسینگەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە، داوا كراوە لیژنەیەكی باڵا بۆ كێشەی خانەنشینی نایاسایی لە كوردستان پێك بهێنرێت. لە نووسراوەكەدا هاتووە، "تكایە رەزامەندی بدەن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و حكوومەت و دەستەی دەستپاكی و لایەنە پێوەندیدارەكان بەمەبەستی وردبینی دۆسیەی ئەو كەسانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون".

لە نووسراوەكەدا كە وێنەیەكی دەست " وشە" كەوتووە، دەستەی دەستپاكی زانیاری داوە كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك، بە پلەی باڵای وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون، لە كاتێكدا ئەو پۆستانەیان نەبووە و نەیانبینیوە یان لە دەرەوەی وڵات بوون و بە بڕیاری حكوومەت خزمەتی ئاوارەیییان بۆ هەژمار كراوە، بەڵام پێویستە وردبینی لەو دۆسییانەدا بكرێت.

هاوكات لە نووسراوێكی تردا دەستەی دەستپاكی ناو و كەیسی 461 كەسی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە كە بەهەمانشێوە پلەی باڵایان وەك وەزیر و بریكاری وەزیر و راوێژكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی هەیە، بەڵام بەپێی زانیاریی ناو نووسراوەكە "ئەو كەسانە هیچ كاتێك مومارەسەی ئەو پۆستانەیان نەكردووە".

دەستەی دەستپاكی كوردستان لە نووسراوەكەدا داوای كردووە، "مووچەی سەرجەم ئەو كەسانە رابگیرێت و دوای وردبینی ئەوانەی بە فیعلی مومارەسەی پۆستەكانیان نەكردووە، مووچەكانیان ببڕێت". هاواكات پێشنیازی كردووە "ئەوانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون، بگەڕێنرێنەوە ئەو پۆستانەی پێَشتر لێی بوون".

د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، "بەپێی ئەو نووسراوانەی ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكانمان كردووە، داوامان كردووە ئەو كەسانەی پێشتر پۆستیان نەبووە، خانەنشین نەكرێن یان ئەوانەی پۆستیان هەبووە بەپێی پۆستەكەی خۆیان خانەنشین بكرێن".

زیاتر دەڵێ‌، "ئەوانە زۆربەیان كەسایەتی و پێشمەرگەی كۆنن، بۆیە پێویستە لەكاتی خانەنشینكردنیان ڕێگەیەكی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە لەو حاڵەتەی ئێستەدا بووەتە كارێكی نەرێنی و زۆربەیان بە پلەی باڵا خانەنشین كراون".

"ئێستە داواكاری گشتی خەریكی وردەكاری ئەو دۆسیانەن و هیوایەكی زۆر هەیە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە چاكسازییەی هەیە، چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە و دەستەی دەستپاكیش بەدواداچوونی بەردەوامە" ئەنوەر وای گوت.

لای خۆیەوە د. محەمەد رێكانی ئەندامی داواكاری گشتیی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، "پێشتر لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە هەبوو لەبارەی بابەتی خانەنشینی نایاسایی و لیژنەكە لە ساڵی 2014 تا 2016 كاری لەسەر ئەو پرسە كردووە".

"لیژنەكە لەلایەن داواكاری گشتی سەرۆكایەتی دەكرا و وەزارەتی دارایی ئەندامی هەبوو، دوای لێكۆڵینەوە كۆنووسی لیژنەكە دراوەتەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئەوەی لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری بەوەكالەت پەسند بكرێت، بەڵام تا ئێستە كۆنووسەكە بە تەواوی پێشنیازی لیژنەكەوە پەسند نەكراوە" رێكانی وای گوت.

ئاشكرای كرد، "نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە و دارایی لە وەڵامدا دەڵێن نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و تا ئێستە دوای نووسراوی ئێمە، ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان وەڵامی نەداوەتەوە".

ئەندامەكەی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان، وردەكاری زیاتری خستەڕوو بەوەی "ژمارەی ئەو كەسانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون، نزیكەی 488 كەس دەبوو، بەڵام سەرجەمیان لەوانە نین كە پۆستیان نەدیوە و خانەنشین كراون و بەشێكیان پارێزگار بوون و بە پلەی وەزیر خانەنشین كراون و پلەكانیان شایستە نین".

رێكانی دووپاتی كردەوە، "چاوەڕوانی پەسندكردنی ئەو كۆنووسە دەكەین و پێویستە ئەو راسپاردانەی لە كۆنووسەكەدان جێبەجێ‌ بكرێن و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێ، ئەگەرنا پێویستە بە هەر جۆرێك بێت حكوومەت وەڵامی ئەو كۆنووسە بداتەوە".

روونی كردەوە "راسپاردەی زۆرمان كردووە بۆ چارەسەری كێشەی ئەو كەسانەی بەنایاسایی خانەنشین كراون و ئەو پرسە نابێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە".

د. فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنە چاكسازییەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، "بابەتی خانەنشینی نایاسایی لە كوردستان، بابەتێكی هەستیارە و وردەكاریی زۆری تێدایە، لیژنە چاكسازیی كاری لەسەر كردووە، بەڵام ناتوانرێ تەواوی ئەنجامەكەی بخرێتە ڕوو".



وشە - سه‌رخێڵ هاشم