نیوزلەندا ئەو کتێبانە چاپ دەکات باس لە کۆمەڵکوژی گەلی کورد دەکەن

:: PM:02:58:28/05/2017 ‌

چەند مانگێك پێش ئێستە، شاندێكی وڵاتی نیوزلەندا بە مەبەستی زیاتر ناساندنی كەیسی كومەڵكوژی گەلی كورد، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوەكانی بارزانیان كرد، ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش چەند كتێبێكیان پێ دەدات، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك نیوزلەندا بڕیاری دا ئەو كتێبانە چاپ و بڵاو بكاتەوە.

رێبوار رەمەزان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوەكانی بارزان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كتێبانە سەرنجی راكێشاون و كومەڵكوژییەكانی گەلی كورد ئەوانی تاساندووە، دوێنێ‌ لە لایەن نیوزلەندا ئاگادار كراینەوە لەسەر ئەركی خۆیان كومەڵێك لەو كتێبانەی لەبارەی جینۆسایدی گەلی كورد نووسراون، چاپ و بڵاو دەكەنەوە كە ئەمەش خۆی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ گەلی كورد و هەندێك لە برینەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان ساڕێژ دەكاتەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێستە سەرقاڵی كۆكردنەوەی چەند كتێبێكی ناوازە و نموونەیین كە زۆرترین زانیاری لەبارەی جینۆسایدی گەلی كوردەوە لە خۆ گرتبێت بۆ ئەوەی رەوانەی نیوزلەندای بكەین، ئەم كارەش لە رێی كومپانیای ئەڵماس-ی نیوزلەندی دەكرێت و ئەوان هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە و كتێبەكان بە چەند زمانێك بڵاو دەكرێنەوە لەوانە زمانی فەرمی نیوزلەندی و ئینگلیزی.

رێبوار رەمەزان كە خۆی توێژەر و نووسەرێكی بواری جینۆسایدە و زیاتر لە 12 كتێبی لە بواری جینۆسایدی گەلی كوردەوە چاپ و بڵاو كراونەتەوە، وەك ئاماژەی پێ دەدات، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەمییەكی زۆر لە بواری نووسینەوەی جینۆساید و كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و وێنە و دۆكۆمێنتكردنیان هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە جینۆساید و كومەڵكوژی گەلی كورد بەردەوامی هەیە.

بارزان / نەوزاد هلۆری



وشە - هیدایه‌ت جان