کوردستان پێویستی بە زیاتر لە هەزار ئیمام و خەتیب هەیە

:: PM:05:56:28/05/2017 ‌

وەزارەتی ئەوقاف گرفتی لەگەڵ کۆمەڵێک وتاربێژی مزگەوتەکانی کوردستان هەیە کە بەبێ پلەی وتاربێژی ئەو ئەرکەیان پێ ئەسپێردراوە، لەگەڵ ئەوە رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی مزگەوتەکان لە کوردستان زیاد دەکات، بەرپرسێکی ئەو وەزارەتەکەیش ئاشکرای دەکات، کۆلێژی شەریعەت نەیتوانیوە ئەرکەکانیان لەسەر سووک بکات و ئێستە نەک ناتوانن ئەو کەسانە دوور بخەنەوە، بەڵکو پێویستیان بە زیاتر لە هەزار ئیمام و خەتیبی تر هەیە لە کوردستان.

وەزارەتی ئەوقاف مانگی رابردوو بۆ رێگرتن لەو وتارانەی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بیری توندوتیژی بڵاو دەکەنەوە میکانیزمێکی پێڕەو کرد کە هەفتانە چەند بابەتێک دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئاینی سەرپشک بن لەوەی یەکیان هەڵبژێرن و لە نوێژی هەینیدا قسەی لەسەر بکەن بەڵام ئەوە رەخنەی هەندێک زانای ئاینی لێ کەوتەوە بەوەی بۆچی وەزارەت لە دامەزراندنی ئەو وتاربێژانەدا بۆ مزگەوتەکان فیلتەرێکی دانەناوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەرو گرفتە نەبێتەوە.

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە "وشە"ی راگەیاند، لە وەزارەت قسە لەسەر ئەو بابەتە کراوە، بەڵام ئێستە دەبێ وەک ئەمری واقع مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین، ساڵی 2007 کە دوو ئیدارەیی نەما و وەزارەتی ئەوقاف یەکی گرتەوە، دنیایەک خەڵک لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان بە خادمی مزگەوت و ئیمام و خەتیب دامەزرابوون، ئێستەیشی لەگەڵدابێت زۆر کەس هەیە ئیمام و خەتیب نییە، بەڵام وتار دەدات.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە کۆنفرانسێکدا کە تیایدا مامۆستایانی ئاینیمان کۆ کردەوە لەسەر وتاری هەفتانە کە لەلایەن وەزارەتەوە بابەتەکانی دیاری بکرێت، باسمان لەوە کرد کە هیچ کەسێک لەمەودوا نابێتە ئیمام و خەتیب، تا بەشداری نەکات لەو پەیمانگایەی وەزارەت درووستی کردووە "کە ئێستە خەریکە کارەکانی تەواو دەبێت".

وەزارەتی ئەوقاف سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک کەس بەبێ پلەی ئیمام و خەتیبی ئێستە ئەو پۆستەیان لەدەستە، دیسان ناچارە بە هێشتنەوەیان و وەک نەقشبەندی ئاماژەی پێ دەدات، ئێمە ناچار بووین بە هێشتنەوەی ئەو کەسانە لە پۆستەکانیان لەبەر ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ مزگەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک هاتووە، تا ئێستە زیاتر لە چوار هەزار مزگەوت درووست کراوە کە بەشێکیان حکومەت درووستی کردون و بەشێکی رێکخراوەکانی وەک رابیتەی ئیسلامی و بەشێکی خەڵکی مسوڵمان و دەوڵەمەندان دروستیان کردوە و ئەو زیادبوونەیش وادەکات وەزارەت پێویستی بە دامەزراندنی خەڵک بێت.

"ئێستە نزیک بە هەزار ئیمام و خەتیبمان بۆ مزگەوتەکانی کوردستان پێویستە و هەر مزگەوتێکی تازە کە دەوکرێتەوە گرفتی ئەوەمان هەیە نازانین کێی وەک ئیمام و خەتیب بۆ دابنێین، بەدەر لەمەیش تەنگژەی دارایی وای کردووە چەند ساڵێکە دامەزراندن راگیراوە. بۆیە بابەتی ئیمام و خەتیب کێشەیەکی سەرەکییە بۆ ئێمە و دوور خستنەوەی ئەو کەسانەی پێشتر دامەزراون نەک چارەسەری کێشەکانمان ناکات، بەڵکو بارەکەمان لەسەر گرانتر دەکات" مەریوان نەقشبەندی وای گوت.

لە کۆلێژەکانی شەریعەی کوردستان ساڵانە سەتان قوتابی خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام وەک مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی پێ دەدات، ئەو کۆلێژە نەیتوانیوە باری سەر شانی وەزارەتەکەیان سووک بکات و دەڵێ، زۆر کەس هەیە دەرچووی کۆلێژی شەریعەیە و نایهەوێ ببێت بە ئیمام و خەتیبی مزگەوتەکان، بەڵکو زیاتر دەیانهەوێ ببن بە فەرمانبەر یان مامۆستا، ئەوەیش بووە بە کێشەیەک کە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامی هەیە، هەندێک لەوانەی شەریعەیان تەواو کردووە دەڵێن کۆنمرەکەم وای کردووە بچم لە شەریعە بخوێنم، یان کاتێک دەبینێ بابەتی ئیمام و خەتیبی کارێکی ئاسان نییە نایکات، بەگشتی خواست لەسەر بوون بە ئیمام و خەتیب لە کوردستان کەمە. بۆیە کۆلێژی شەریعە نەیتوانیوە ئەو بارە گرانە لەسەر شانی ئێمە سووک بکەن.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف بە باشی دەزانێت پەروەردەکردنی ئیمام و خەتیبی کوردستان بدرێتە دەست وەزارەتەکەیان و دووپاتی دەکاتەوە،  مادام مزگەوتەکان دامەزراوەی وەزارەتی ئەوقافن پێویستە وەزارەتی ئەوقاف ئیمام و خەتیب ئامادە بکات و پێیان بگەیەنێت، لەبەر ئەوەی کۆلێژی شەریعە خەڵک فێری شەریعەتی ئیسلام دەکات و مەرج نییە بتوانێت فێری خوتبەدانی بکات، بۆیە مادام خەتابەت سەر بە وەزارەتی ئەوقافە، حەق وایە پەروەردەکردنی بگەڕێتەوە بۆ ئەو وەزارەتە. 

زیاتر دەڵێ، وەزارەتی ئەوقافیش هەر جارەی دەدرێت بە حزبێک و بە شێوەیەک نییە بدرێت بە لایەنێک بۆ ئەوەی بە شێوەیەک دامەزراوی کاری لەسەر بکات  بۆ ئەوەی نەوە لەدوای نەوە خەڵک پێ بگەیەنێت، خۆم لەگەڵ شەش وەزیر کارم کردووە کە هەریەکەو بیر و بۆچوونێکی هەبووە و ئەوەیش خۆی یەکێکە لە گرفتەکانی وەزارەتی ئەوقاف.



وشە - هیدایه‌ت جان