لە سلێمانی كێشە دەكەوێتە نێوان سۆسیالیست و شیوعی

:: PM:08:26:28/05/2017 ‌
 
حزبەكانی سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتكێشان پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی 2014یان كرد و بەپێی ڕێككەوتنێك كە لە نێوانیاندا كراوە، كورسی ئەندامیەتییان لە ئەنجوومەنی پارێزگەی سلێمانی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان سۆسیالیست و شیوعی بەڕێوە دەبرێت، بەڵام سۆسیالیست دەستبەرداری كورسییەكە نابێت.
 
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەكان، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی  لە فراكسیۆنی سۆسیالیست ئامادە نییە دەستلەكار بكێشتەوە بۆ ئەوەی ئەندامێكی حزبی شیوعی دوو ساڵی داهاتوو ئەندامی ئەنجوومەنی هەبێت، شیوعیش سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن بە هۆكار دەزانێت.
 
عوسمان حەمە سەعید، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان ئەمڕۆ یەك شەممە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر یەكە لە سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتكێشان نووسراوی مەكتەبی سیاسیان ڕەوانەی ئەنجومەن كردووە و واژووی هەر سێ لایەنی پێوەبووە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەو ئەندامە.
 
ئەوەشی گوت، كێشەكە پێوەندی بە ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەیە لە لیستی سۆسیالیست، كە فەرهاد تۆفیقە، ئەو پابەندی رێككەوتنی حزبەكەی نەبووە، قسەشمان لەگەڵ سۆسیالست كردووە بۆ ئەوەی دوایین هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە ڕابگەیەنێت.
 
گوتیشی، لە 13ی ئاداری ئەمساڵ فەرهاد تۆفیق، دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە ئەنجوومەن كردووە، بەڵام سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن كەمتەرخەمی نواندووە و بگرە یارییەكی سیاسیان كردووە لەو بابەتە.
 
زیاتر گوتی، دەبوو ئەنجوومەن ئەو كاتە ئەو بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەیە بخاتە ناو دەنگدانی ئەندامان لە كۆبوونەوە، بەڵام ئەوەی نەكردووە و دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ، فەرهاد تۆفیق پاشگەزبووەتەوە لە دەستلەكاركێشانەوەكەی، داواش دەكەین سۆسیالیست چۆن سەرەتا پابەندی ڕێككەوتنكە بوون، ئێستاش پابەندبن و دەستلەكاركێشانەوە بە ئەندامەكەیان بكەن.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی شیوعی، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن هۆكارە لەو بابەتە، سەرۆكی ئەنجومەن بەرپرسە لەو بابەتە كە كراوەتە یارییەكی سیاسی، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن دەبوو لە بری ئەو یارییە سیاسییە، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاری هاووڵاتییان بوایە.
 
وشە، چەندین جار پێوەندی بە ئەندامانی سەركردایەتی و گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندیەكانیان نەدایەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل