بۆچی كچە جوانەكان بە قەیرەیی دەمێننەوە؟

:: AM:10:50:27/10/2016 ‌

ئەو كچانەی هەمیشە لەنێو ئەو دەوروبەرەی تێیدان، جوانتر و سەرنجڕاكێشترن، درەنگتر شوو دەكەن یان هەر بە قەیرەیی دەمێننەوە، ئەمەش بۆ چەندان هۆكار دەگەڕێتەوە كە توێژەرانی كۆمەڵناسی قسەی ڕژدیان لەسەر كردووە.

بەپێی ئەو ئەگەرانەی باس كراون، ڕەنگە ئەو پیاوە گونجاوە نەدۆزنەوە كە بە پێودانگی ئەوان لەگەڵ جوانی و كەسایەتییان دەگونجی، یان هەندێ جار لەبەر ئەوە بێت كە ئەوەندە بۆ پێوەندی سەرپێی لێیان نزیك دەبنەوە، لێیان تێكەڵ ببێ و نەزانن كام پیاوەیە بەڕاستی لێیان نزیك بووەتەوە، ئیتر متمانە هیچ پیاوێك ناكەن كە داوای پێوەندییان لێ دەكات. لە هەر دۆخێك لەوانە یان دۆخی تریش بێت، كچەكە خۆی بەرپرسیاری ڕاستەوخۆیە كە نەیزانیوە مامەڵە لەگەڵ جوانی ڕووكەش و كەسایەتیی خۆی بكات و بەرگری لە سۆزەكانی بكات.

توێژەران چەند هۆكارێكی سەرەكی دەخەنە ڕوو كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

- ڕەفتار و خووی نەرێنیی: زیاتر لە 50%ی ئەو پێوەندییانەی لە نێوان مرۆڤەكان تێك دەچێ، بەهۆی ڕەفتار و خووە خراپەكانی یەكێك لەو دوو كەسەوە بووە، ئیتر هاوڕێ بن یان هاوسەر. بەزۆری ئەو خانمانەی كە جوانتر و سەرنجڕاكێشترن لە چواردەورەكەیان، تووشی داوی لەخۆباییبوون دەبن و هەمیشە وا دەزانن هەنگاوێك لە پێش دەوروبەرەكەیانەوەن، ئەمەش تووشی ڕەشبینی بەردەوامیان دەكات لە ناخدا. هەروەها بە زۆری ئەو كچە هەرە جوانانە، ڕەفتاریان سادە و مەیلا و گەمژەیە، چونكە هەمیشە تاكە چەك كە بەكاری دەهێنن، جوانییەكەیانە و دەیانەوێ هەر بەوە بگەن بە هەموو شتێك، بۆیە جاری وایە لە دانیشتنێكدا كە دەوروبەرەكەیان هەمووی ئاستی ڕۆشنبیریی بەرزە، بە ئاسانی ساوێلكەیییان دەردەكەوێ.

توێژەرانی بواری كۆمەڵناسی، ئاگەداری ئەو كچانە دەكەنەوە كە ڕۆحێكی پاك و لەخۆبوردە، زیاتر جوانیان دەكات، هەروەها دەبێ ئەوەش بزانن، جوانی مێشك، لە جوانی جەستە گرنگترە و دەبێتە هۆی جوانیی ڕەفتار، كە ڕەفتاریش جوان نەبوو، ڕووخساری جوان بە تەنیا نایانباتە كەناری ئاسوودەیی. هەر بۆیە ئامۆژگاری ئەو كچە جوانانە دەكەن، واز لەو ڕەفتارە بهێنن، بۆ ئەوەی بەرامبەرەكەیان متمانەیان پێ بكات.

- یەكێكی تر لەو هۆكارانە كە توێژەران باسی دەكەن، گەڕانە بەشوێن خاڵی هاوبەشە لەگەڵ ئەو كەسەی دەتەوێ ببێتە هاوسەرت: كچێكی جوان، دەیەوێ كوڕێكی قۆزی دەست بكەوێ، بەڵام زۆربەی جار لەو هەوڵانەی شكست دەهێنێ. زۆر جاریش ئەو خانمانە بەشوێن پیاوی دەوڵەمەنددا دەگەڕێن تا ژیانێكی بێ تەنگەشەیان هەبێ، لێرەشدا بەزۆری تووشی چەندان كێشەی لێكتێنەگەیشتن دەبنەوە، بۆیە بە زۆری تووشی ناڕازیبوون دەبن بە بەشەكەیان.

توێژەران دەڵێن، لەبەر ئەم هۆكارانەیە خانمە هەرە جوانەكان، بە ویستی خۆیان یان بەبێ ویستی خۆیان، قەیرەیی هەڵدەبژێرن، هەر ئەوەشە وای كردووە ئەو خانمانەی كە جوانی ڕووخسارییان كەمترە، بەڵام بەشێكی زۆریان لە جوانبی ڕەفتار دەست كەوتووە، كەمتر قەیرە دەبن.

توێژەران پێشنیاز بۆ ئەو كچانە دەكەن كە چەكی ڕۆشنبیری بگرنە شانیان و بیخەنە مێشكیانەوە كە ئەو جوانییەی دەمێنێتەوە، ئەو زانست و ڕۆشنبیرییەیە كە هەڵیان گرتووە، بۆ كەسی بەرامبەریش، ئەوە ڕەچاو بكەن كە تا چەند ڕۆحیانی خۆش دەوێ جگە لە جوانییە ڕووخسارەكەیان.

سەرچاوە: ئەلنەهاری لبنانی


وشە - كوردۆ شابان