تا ئێستە 89 تیرۆریست لە كەركووك كوژران

:: AM:11:51:27/10/2016 ‌

بەرپرسێكی ئاسایشی كەركووك ئاشكرای كرد، لە ماوەی ئەو هەفتەیەی كە تیرۆریستان هاتنە ناو كەركووك، تا ئێستە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە توانیویانە 89 تیرۆریستی داعش لە شوێنە جیاجیاكانی شارەكە بكوژن.

فەرهاد حەمەعەلی بەرپرسی هۆبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و هێزەكانی تر هەماهەنگی تەواو لە نێوانیاندا هەیە و بەردەوامن لە گەڕان و پشكنینی ناوچە جیاجیاكان بۆ ڕیشەكێشكردنی تەواوەتی تیرۆریستان لە شارەكەدا.

هەروەها گوتی، تا ئێستە ئاسایش و پۆلیس توانیویانە 89 تیرۆریست بكوژن و ئێستەش تەرمی سەرجەمیان لە هۆبەی دادی كەركووكە.

ئاماژەی بەوەش دا، كە ئێستە هەماهەنگی تەواو لە نێوان خەڵكی كەركووك و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش هەیە، هەر حاڵەتێكی نامۆ لەلایەن خەڵكی كەركووكەوە ببینرێ، پێوەندی بە ئاسایش و پۆلیسەوە دەكەن و تیمەكانی ئاسایش و پۆلیسیش بەردەوام لە گەڕان و ئامادەباشیدان.

ئەو بەرپرسەی ئاسایشی كەركووك ئەوەشی ڕاگەیاند، ئێستە بەردەوام لە ناوچە جیاجیاكانی كەركووك بازگەی كاتی دادەنێین، بۆ ئەوەی ئارامییەكی ڕەها بۆ خەڵكی شار دابین بكرێ.

رۆژی هەینی 21 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە رێی بازگەی مەكتەب خالید و سنوورەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووكەوە بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایش، نزیكەی 30 تا 40 چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش هاتوونەتە نێو كەركووك و بە چەند گەڕەكێكی شارەكە بڵاو بوونەوە، له رۆژئاوای كەركووكیش چوونە نێو شارەدێ دووبز و هێرشیان كردە سەر وێستگەی كارەبا و 34 كەسیان لێ شەهید كرد. ڕووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ تیرۆریستان لە گەڕەكەكانی یەكی حوزەیران و دۆمیز و واسیت و تسعین و چەند گەڕەكێكی تر بەردەوام بوون، بەڵام هاووڵاتییانی كەركووك دەستیان كردە چەك و بەنێو كۆڵانەكان بڵاوەیان كرد و رێگرییان لەوە كرد تیرۆریستان بە تەواوی ڕەوشی شارەكە بشێوێنن، دواتریش هێزی پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانییەوە گەیشتنە شارەكە و توانییان بە رێژەی 95% كەركووك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

كەركووك یەكێكە لە پارێزگاكانی باشووری كوردستان و زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانی كوردە و شارێكی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، دوای رووخانی بەعس بە مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق چارەسەر بۆ ئاساییكردنەوە و قەرەبووكردنەوە و راپرسی لە شارەكە دانرا بۆ ئەوەی خەڵكی شارەكە بڕیار لەوە بدەن كە دێنەوە سەر هەرێمی كوردستان یان لەگەڵ بەغدا دەمێننەوە، بەڵام حكوومەتەكانی عێراق دەستووری دەنگ لەسەرداویان جێبەجێ نەكرد، دوای هاتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناوچە عەرەبییەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووك كەوتنە دەست تیرۆریستان و سوپای عێراقیش لە شارەكە ڕای كرد، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە شارەكە و رێگرییان لە پێشڕەوی تیرۆریستان كرد و ئێستەش تەواوی سنوورەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووك پێشمەرگەی كوردستان لێی بڵاوبوونەتەوە و دەیپارێزن.

كەركووك/ ئارام شێركۆ


وشە - باز ئه‌حمه‌د