سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار كرا

:: PM:01:15:27/10/2016 ‌

بەتۆمەتی ئەوەی دوورخستنەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نایاسایی بووە، جێگری دوورخراوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكە تۆمار كرد.
 
ئەكرەم شەریف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، "لابردنی من لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن نایاسایی بوو، چونكە من دەست لەكاركێشانەوەم پێشكەش نەكردووە، لەبەرئەوە بڕیاری دوورخستنەوەكەم یاسایی نییە".

لێدوانەی ئەكرەم شەریف پاش ئەوە دێت كە لەكاتی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی لە پۆستی پارێزگار و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجوومەن بڕیاری لەسەر دوورخستنەوەی ئەكرەم شەریف لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەركرد.

شەریف دەڵێ‌، "بەرامبەر ئەو بڕیارە نایاسایییە، لە دادگەدا سكاڵام لەسەر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار كردووە، تا ئێستە سێ‌ دانیشتنی دادگە بە ئامادەبوونی هەردوولامان بەڕێوە چووە و لە 31ی ئەم مانگەشدا دادبینییەكی تر هەیە".

ئەكرەم شەریف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ئەو لەكارخستنی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن كە بەپێی رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان هاتە كایەوە، لە فراكسیۆنی یەكێتی كشاوەتەوە.

ئەو دەڵێ‌، "من خۆم بە كادیری یەكێتیی نیشتمانی دەزانم، بەڵام خۆم بە ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نازانم".
  
شەوێك پێش ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن، ڕێككەوتن لە نێوان یەكێتی و گۆڕان كرا كە ئەكرەم شەریف، جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەن، بەڵام لە كاتی دانیشتنەكانی 25ی ئابی ئەمساڵ، كاندیدێكی تری یەكێتی بۆ پۆستەكە خرایە پێش، ئەوەش نیگەرانی بۆ ئەكرەم شەریف و چوار ئەندامی تری فراكسیۆنی یەكێتی دروست كرد و لە هۆڵی كۆبوونەوەكە هاتنە دەرەوە.

سلێمانی/هۆشیار عەلی


وشە - ڕێبین فه‌تاح