پێشمەرگە لەكاتی هێرشدا لە دایك بوو

:: PM:03:51:27/10/2016 ‌

پێشمەرگەیەكی كوردستان دوای ئەوەی هاوسەرەكەی لە دوا ساتی منداڵبوونی دەبێ، بە ناچاری دەگەڕێتەوە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە بڕیاری دابوو هێرشێكی فرەوان بكاتە سەر تیرۆریستان، كاتێك هێرشەكەی پێشمەرگە تەواو دەبێ، پێوەندی بەماڵەوە دەكات و پێی دەڵێن كوڕێكتان هاتووەتە دنیاوە، ئەویش ڕاستەوخۆ دەڵێ، ناوی دەنێین پێشمەرگە.

چوار مانگ بەر لە ئێستە، لەو كاتەی پێشمەرگە خەریكی ئامادەكاری بوو بۆ هێرشكردنە سەر تیرۆریستان و پاككردنەوەی چەند گوندێكی میحوەری خازر، شێخۆ نەبۆ یەكێك لە پێشمەرگەكانی كوردستان كە لەو میحوەرە ئەركی هەبوو، لە ماڵەوە بوو، چونكە هاوسەرەكەی لە دوا ساتی ئەوەبوو كە منداڵی ببێت.

هاوسەری شێخۆ چەند سەعاتێكی مابوو تا منداڵەكە بهێنێتە دنیا، ئەویش خەمی لە تەندروستی و سەلامەتی هاوسەرەكەی بوو، لەو كاتە زەنگی مۆبایلەكەی لێی دا و پێیان ڕاگەیاند دەبێ دەستبەجێ بگەڕێتەوە ئەركەكەی، چونكە پێشمەرگە دەست بە هێرش و پێشڕەوی دەكات.

خۆشەویستیی نیشتمان و هۆگربوونی بۆ تۆڵەكردنەوە لە تیرۆریستان، شێخۆی ناچار كرد، هاوسەرەكەی لە ژێر چاودێری ماڵی باوكی جێ بهێڵێ و دەست بداتەوە چەك و تاخمەكەی بەرەو سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بەشداریی هێرشەكەی پێشمەرگە بكات.

شێخۆ دانیشتووی شارۆكەی خەبات "37 كیلۆمەتر رۆژئاوای شاری هەولێر" لەو كاتەدا كە دەچێتەوە میحوەری خازر و بەشداری شەڕی پێشمەرگە دەكات و دوای چەند سەعاتێك، هێرشەكەی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتای دێت.

ئەو پێشمەرگەیەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك شەڕەكە كۆتای هات، ماڵەوە پێوەندییان پێوە كردم و لە مۆبایل پێیان ڕاگەیاندم كە كوڕێكمان بووە، منیش لە خۆشی سەركەوتنی پێشمەرگە و هاتنە دنیای كوڕەكەم، ڕاستەوخۆ گوتم لە ئێستەوە پێی بڵێن "پێشمەرگە" چونكە ناوی دەنێم پێشمەرگە.

شێخۆ نەبۆ ئەوەشی گوت، ماوەی 23 ساڵە بێ دابڕان پێشمەرگایەتی دەكەم و بە شانازییەوە زۆربەی خاڵی كوڕەكەشم، پێشمەرگەن و لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕن دژ بە تیرۆریستان، بەناونانی كوڕەكەم بە "پێشمەرگە" زۆر كەس دەستخۆشییان لێمان كردووە و بە كارێكی گرنگی دەزانن.

سەمیر سابیر ئەفسەر و بەڕێوەبەری  فەرمانگەی باری شارستانی شارۆكەی خەبات لەوبارەوە بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، تا ئێستە یەكەمین منداڵە لە سنووری شارۆكەی خەبات ناوی بنرێ "پێشمەرگە" پێشتر خەڵكی وەك هەستێكی نەتەوەیی و نیشتمانی زۆر ناوی منداڵانیان دەكرد بە ناوی نیشتمانپەوەری، بەڵام جگەلە كوڕەكەی ئەو هاووڵاتییەی شارۆكەكەمان، هیچ خانەوادەیەكی تر ناوی منداڵەكەیان نەناوە "پێشمەرگە".

پێشمەرگە هێزی ڕەسمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و پێشتر لە سەردەمی یەكەم كۆماری كوردستان لە مەهاباد، دوای گەڕان و بیركردنەوە بۆ دۆزینەوەی ناوێكی تایبەت بۆ لەشكری كوردستان، ناوی لەشكری كوردستان بە "پێشمەرگە" ناو نرا، واتە ئەوانەی بۆ بەرگری لە نیشتمان مەرگیان پێش دەخەن، لەوكاتەوە لە خەباتی شاخ و شاری باشووری كوردستانیش پێشمەرگە ناوێكی مەزنە و لە تەواوی كابینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش وەزارەتێك بەناوی "وەزارەتی پێشمەرگە" هەبووە و ئەركی سەرپەرشتیكردنی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە.




وشە - رامیار جەواد