لە سووریا فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا

:: AM:11:00:28/10/2016 ‌
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد فەرماندەیەکی تری سوپای پاسدارانی ئێران لە شەڕی سووریا کوژراوە. ناوی کوژراوەکە غولامرەزا سەماییە و بەمەبەستی راوێژکاری چووەتە مەیدانەکانی جەنگ لە سووریا و پارێزگاری لە حکوومەتی بەشار ئەسەد کردووە.

هێشتا بە وردی دیار نییە ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لە چ شوێنێک کوژراوە، سەمایی لە رابردوودا کۆمەڵێک بەرپرسیارییەتی گەورەی لە نێو سوپای پاسسدارانی ئێراندا هەبووە. ئەو، فەرماندەی ئیتڵاعاتی سوپای شادگانی ئەهواز بووە.

لە چەند ساڵی رابردوو کە لە سووریا جەنگی ناوخۆیی دەستی پێکردووە ئێران بە هەموو توانایەکەوە پاڵپشتی لە حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد کردووە و بە سەدان کەسی لێ کوژراوە.

ئێران تەنانەت هەندێک لە چەکدارە شیعەکانی پاکستان و ئەفغانستانیشی رەوانەی جەنگ کردووە کە لە ئێران ژیاون. 

ئێران لە میدیاکان کەمتر باس لە قەبارەی بەشداری خۆی لە جەنگی سووریا دەکات و پاساوی ئەوەش دەهێنێتەوە، ئەو هێزەی رەوانەی کردووە بۆ پارێزگاریکردن بووە لە ئیمامەکانی شیعە لە سووریا.


سەرچاوە: بی بی سی




وشە - سلێمان تاشان