داعش لە دەورووبەری مووسڵ هەشت هەزار خێزانی رفاند

:: PM:01:44:28/10/2016 ‌
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا چەکدارانی داعش لە دەورووبەری مووسڵ هەشت هەزار خێزانی سڤیلیان رفاندووە و مەبەستییەتی وەکوو قەڵغانی مرۆیی، سودیان لێوەربگرێت.

 هەر ئەمڕۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد چەکدارانی داعش  لە نزیک مووسڵ ٢٣٢ کەس لەو خەڵکەیان کوشتووە. ١٩٠ کەس لە کوژراوەکان لە هێزەکانی سوپای پێشووی عێراقن کە ئامادە نەبوون فەرمانەکانی داعش جێبەجێ بکەن.

لە ١٧ی مانگەوە کە شەڕی رزگارکردنی مووسڵ دەستی پێکردووە پێشمەرگە گورزێکی کاریگەری لە داعش داوە و رووبەرێکی فراوانی لێ ستاندۆتەوە.

داعش دوای ئەو شکستانەی بەری کەوت سەری بە تەواوی شێواوە و کەوتووەتە گژ خەڵکی سڤیل و ئەوەی گومانی لێی هەبێت دەیکوژێت و لەوانی تریش وەک قەڵغانی مرۆیی سود وەردەگرێت.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سستکردنی پێشرەوییەکان بۆ پرسی پاراستنی خەڵکی سڤیل دەگەڕێتەوە و هێزەکانی پێشمەرگە ناخوازن هیچ هاووڵاتییەکی بێتاوان بە هۆی شەڕەکە ببێتە قوربانی.

داعش رۆژ بەرۆژ خەڵکی زیاتر لە نێو شاری مووسڵ کۆدەکاتەوە و لە هەفتەی رابردووەوە بە دەیان هەزار کەسی بردووەتە نێو شارەکە و دەیەوێت بەم کارە رێگری لە هێرشی هاوپەیمانان بگرێت.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت زانیارییەکان تارادەیەکی زۆر پشتراست کراونەتەوە و پێشبینیشی کردووە ژمارەی قوربانیانی سڤیل بەهۆی تاوانەکانی داعش زیاتر بەرز ببێتەوە.

سەرچاوە/dailymail


وشە - سلێمان تاشان