رووبارى سیروان وشک دەکات.. ئێران پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى هەڵەبجە شکست پێ دێنێت

:: PM:03:55:28/10/2016 ‌
کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە دروستکردنى بەنداوى داریان لە ناوچەى نەسوودى هەورامانى رۆژهەڵات، مەترسیى گەورە لەسەر وشکبوونى رووبارى سیروان دادەنێت و بەو هۆیەوە پڕۆژەیەکى ستراتیژیى هەڵەبجە کە 175 ملیۆن دۆلارى تێ چووە، شکست دێنێت.

پاش سێ ساڵ لە کارکردن و خەرجکردنى 175 ملیۆن دۆلارى ئەمەریکى، پڕۆژەى دابینکردنى ئاوى خواردنەوە بۆ دانیشتووانى هەڵەبجە لە حوزەیرانى ئەمساڵ کۆتاى هات، بەڵام ئێستە پڕۆژە ستراتیژییەکە رووبەڕووى مەترسییەکى گەورە دەبێتەوە و لە شکستهێنانى تەواوەتى نزیک دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆى دروستکردنى بەنداوێک لەلایەن ئێرانەوە.

بەتەواوکردنى بەنداوى داریان کە ئێران وەک تونێلێکى ئاو چەند ساڵێکە لە ناوچەى نەسوود لە هەورامانى دیوى رۆژهەڵاتى کوردستان کارى تێدا دەکات، رووبارى سیروان وشک دەبێت و پڕۆژە ستراتیژییەکەى هەڵەبجەش کۆتاى دێت، بەو هۆیەوە کە رووبارى سیروان لە دیوى ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، دەگاتە پارێزگاى هەڵەبجە و دواتر بەنداوى دەربەندیخان و گەرمیان تا دەگاتە شارەکانى ترى عێراق، بەڵام لە رێگەى بەنداوى داریانەوە ئێران ئاوەکە گل دەداتەوە و چیتر ناڕژێتە باشوورى کوردستانەوە.

کاوە عەلى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە بە "وشە"ى راگەیاند، تەنیا چوار مانگە پڕۆژەى ستراتیژیى دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى هەڵەبجە تەواو بووە، بەڵام ئێستە لەلایەن ئێرانەوە رووبەڕووى مەترسیى رژد کراوەتەوە و پێ دەچێت بەتەواوەتى شکست بێنێت و ئەو پارەیەش بە هەدەر بڕوات کە تێیدا خەرج کراوە.

عەلى دەڵێ، "ئێران شانبەشانى دروستکردنى بەنداوى داریان، لە خوار بەنداوەکەشەوە تونێلى لێ داوە بۆ گۆڕینى رێڕەوى ئاوەکە تا ئەو ئاوەى کە لە بەنداوەکەش زیاد دەبێت، نەڕژێتە خاکى هەرێمى کوردستان و بەرێگەى تونێل ئاوەکە بۆ سنوورەکانى ترى وڵاتەکەى دەگوازێتەوە".

پڕۆژەى دابینکردنى ئاوى 24 سەعاتى هەڵەبجە، لە ناوچەى نەورۆڵى سەر رووبارى سیروان دروست کراوە و ئاوى خواردنەوە بۆ پارێزگاى هەڵەبجە و شارۆکەى سەید سادق دابین دەکات، پڕۆژەکە پێویستى بە 50 هەزار مەتر چوارگۆشەى ئاو هەیە. بەگوتەى بەرپرسانى سنوورەکە، دەتوانێت تا 25 ساڵى تر پێویستى دانیشتووانى ناوچەکە بۆ ئاوى خواردنەوە دابین بکات.

جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە دەڵێ، "پڕۆژەکەى ئێران مەترسییەکى گەورەیە بۆ سەر پڕۆژەى ئاوى هەڵەبجە و بەنداوى دەربەندیخان و هەزاران جووتیارى هەرێمى کوردستان، ئێمە بەرپرسانى سەرووى خۆمان لەم کێشەیە ئاگەدار کردووەتەوە، ئەگەر لە ئێستەدا چارەسەر نەکرێت، کاتێک پڕۆژەکەى ئێران تەواو دەبێت و رووبارى سیروان وشک دەبێت، چارەسەرکردنى ئەستەم دەبێت".

وەک ئەو بەرپرسەى هەڵەبجە روونى کردەوە، دووجار لەگەڵ کونسوڵى ئێران لەوبارەیەوە کۆ بوونەتەوە، "وەزیرى کشتوکاڵى حکوومەتى هەرێم و پارێزگاى سلێمانیمان ئاگەدار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە وەڵامێکیان نییە".
پڕۆژەى بەنداوى داریان لە ناوچەى نەوسوود ئەنجام دەدرێت کە هاوسنوورى هەڵەبجەیە و ناوچەیەکى شاخاوییە، بەگوتەى سەرچاوەکان لە خوار بەنداوەکەدا، تونێلى ئاوى بەدرێژایى هەزاران مەتر لە ژێر شاخەکان دروست کردووە، بەوەش رێڕەوى ئەو ئاوەش دەگۆڕێت کە لە بەنداوى داریان زیاد دەبێت و لەو رێگەى ئەو تونێلانەوە ئێران ساڵانە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە.

ئەنوەر عومەر گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ "وشە"ى روون کردەوە، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە دروستکردنى بەنداوى داریان و دروستکردنى تونێلە ئاوییەکانى ئێران لەسەر رووبارى سیروان لەگەڵ بەرپرسانى ئێران ساز کردووە.
عومەر دەڵێ، "وەزیرى کشتوکاڵ قسەى لەگەڵ جێگرى سەرۆک کۆمارى ئێران کردووە و گلەیى و مەترسییەکانى وشکبوونى ئاوى رووبارى سیروانى پێ گەیاندووە".

"بەداخەوە تا ئێستە هیچ وەڵامێکمان لەلایەن بەرپرسانى ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە لەوبارەیەوە، ئێرانیش لە کارەکانى بەنداوى داریان بەردەوامە، بۆیە مەترسى گەورە هەیە لەسەر وشبکوونى ئاوى رووبارى سیروان و بەنداوى دەربەندیخان و کشتوکاڵى کوردستان بەگشتى"، گوتەبێژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ واى گوت. 

وشە/ هەڵەبجە-سەلام هانەدنى


وشە - تایبه‌ت