داعش دوو بیرە نەوتی تری گەیارە دەسووتێنێت

:: PM:04:10:09/10/2016 ‌
تا ئێستە بیرە نەوتەكانی كێڵگەی گەیارە لە باشووری پارێزگەی نەینەوا نەكوژاونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ داعش دوو بیری تری سووتاند.

بەر لە چەند هەفتەیەك سوپای عێراق بە پاڵپشتی فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش، توانییان شارەدێی گەیارە لە باشووری نەینەوا لە داعش ئازاد بكەنەوە و بنكەی سەربازی گەیارەش بووەتە بنكەیەكی گرنگی كۆبوونەوەی سوپا و تفاقی سەربازی هێزەكانی بەشدار لە جەنگی مووسڵ.

ساڵح جبووری بەڕێوەبەری شارەدێی گەیارە لەوبارەوە رای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دوو بیرە نەوتیان لە كێڵگەی نەجمە تەقاندووەتەوە كە تا ئێستە بەدەستی داعشەوەیە. 

زیاتر گوتی، چەكدارانی داعش درەنگانێكی شەوی رابردوو دوو بیرەكەیان تەقاندووەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت تا ئێستە سێ بیرە نەوتی كێڵگەی گەیارە ئاگری تیادا ماوە لە كۆی 15 بیر كە داعش بەر لە جێهێشتنی گەیارە ئاگری تێبەردان بەر لە شەش هەفتە. 

شارەدێی گەیارە خاوەنی دوو كێڵگەی نەوتییە، ئەوانیش گەیارە و نەجمەن كە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 30 هەزار بەرمیل نەوتیان هەبووە، هاوكات وەزارەتی نەوت بەدووری زانی كە بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانە تا كاتی ئازادكردنەوە ی مووسڵ دەست پێ بكات. 

وشە/شەفەق نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل