شارەزایان: سەرەتا دەوڵەت پاشان حكوومەت

:: AM:09:24:17/06/2017 ‌
چاودێران و شارەزایانی سیاسی دووپاتی دەكەنەوە، دەبێت لە سەرەتادا كورد بە رێگەی ریفراندۆمەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و ناكرێت چاوەڕوان بكات وڵاتانی تر لە شوێنی ئەو بڕیار بدەن. پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكاندەڵێ‌، "پێویستە یەكەمجار هەڵوەستە لەسەر دەوڵەت بكرێت پاشان حكوومەتەكەی".

ئازاد عەبدوڵا شارەزای سیاسەت و ماستەر لە زانستە سیاسییەكان، بە"وشە"ی راگەیاند، "هیچ گەل و نەتەوەیەك بە سەربەخۆیی و دەوڵەت ناگات، ئەگەر سەرەتا خۆی بڕیار لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی خۆی نەدات، بەڵكو پێویست دەكات ئەو نەتەوەیە بڕیار بدات و چارەنووسەكەی یەكلا بكاتەوە، پاشان بەو بڕیارە گشتگیرەوە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی دەیەوێت لێی جیاببێتەوە و هاوكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
ئەو دەڵێ‌، "بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان، لەڕووی سیاسییەوە بڕیارێكی مێژوویییە بۆ كورد، هاووڵاتییانی گەلی كوردستان دەتوانن لەو ریفراندۆمەدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن بە بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی یان بە پێچەوانەوە بۆ مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، ئەوان پاش ئەوەی لە ریفراندۆمەكەدا پشتگیری لە سەربەخۆیی دەكەن، ئەو كارتە كاریگەرە دەخەنە بەردەست سەركردایەتیی سیاسییەوە تا لە بەرامبەر بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە و دنیادا بە ئاراستەی پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بەكاری بێنن".
ئەو شارەزا سیاسییە زیاتر دەڵێ‌، "هاووڵاتییانی كوردستان نابێت چاوەڕوانی ئەوە بكەن وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەوڵەت بۆ كورد بدەن، بگرە نابێت چاوەڕوانی ئەوەش بكەن پێش ئەوەی گەلی كوردستان خۆی بڕیار بدات، ئەوان پشتیوانیی خۆیان رابگەیەنن، بە پێچەوانەوە تا گەلی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی نەدات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە نییە پشتیوانی بكات، مەبەستەكە ئەوەیە ئەگەر كورد خۆی بڕیارێكی نەدابێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە چی بكات؟".
"گەلی كوردستان لە 2005دا بە ئامانجی پێكهێنانی عێراقێكی نوێ‌ و لە راپرسی بۆ پەسندكردنی دەستووری عێراق، بڕیاریدا لە دەوڵەتی عێراقدا بەشدار بێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشت بە دەنگی كورد، خۆی پشتیوانی لە گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق كردووە، بەڵام پاش 14 ساڵ بۆ خەڵك و سەركردایەتیی كورد دەركەوتووە، عێراقێكی جیاواز لە عێراقی پێش 2003 پێك نایەت، ئێستە بڕیار لە ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراق دراوە، كاتێك كورد بڕیاری سەربەخۆیی دەدات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت دژ بە ئیرادەی گەلی كوردستان بوەستێتەوە، بەڵكو پشتیوانی دەكات" ئازاد وای گوت.
رۆژی حەوتی حوزەیرانی ئەمساڵ، لە كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكان لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیار لەسەر دیاریكردنی رۆژی 25ی ئەیلوول بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان درا، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد.
هاوڕێ‌ نەجیب پارێزەر بۆ "وشە" دەڵێ‌، "هەندێك لەو لایەنانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن، تێكەڵاوییەكیان لە نێوان دەوڵەت و حكوومەت دروست كردووە، شكست و كێشەكانی حوكمڕانی بە پرسی دەوڵەتبوونەوە گرێ‌ دەدەن، ئەوەش لەڕووی میتۆدەوە بنەمای زانستی و لۆجیكی نییە، چونكە دەوڵەت شتێكە و حكوومەت شتێكی تر، ناكرێت بەپاساوی ئەوەی حكوومەت و دەسەڵاتی سیاسی شكستی لە بەڕێوەبردن هێناوە، دژایەتی دەوڵەت بكەیت، رێگەی راست ئەوەیە پشتیوانی لە دەوڵەت و دژایەتی حكوومەتی شكستخواردوو بكەیت".
زیاتر دەڵێ‌، "ئێمە كێشەمان لەگەڵ حكوومەت و سیستەمی بەڕێوەبردن هەیە، گریمان دەچینە ریفراندۆمەوە و پشت لە سەربەخۆیی دەكەین و وەك هەرێمێك لە عێراق دەمێنینەوە، بەڵام ئایا بە مانەوە وەك هەرێمێكی ناو عێراق، گەرەنتی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان دەكرێت؟ بەدڵنیایییەوە ناكرێت. كەواتە نابێت رێگەیەكی هەڵە لەبەربگرین، بەتایبەت ئەگەر ئەو هەڵەیە لەسەر چارەنووسی خۆمان و نەوەكانی داهاتووش بكەوێت".



وشە - ڕێبین فه‌تاح