هەڕەشەی چۆڵكردنی گوندێك دەكرێت

:: PM:03:06:18/06/2017 ‌

گوندی "ئامۆكان" سەربە شارەدێی هەریر، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین تووشی كەمئاوی دەبێت، ئێستە لەگەڵ دەركەوتنی گەرما، كەمئاوی تێدا دروست بووەتەوە و دانیشتووانەكەی هەڕەشەی چۆڵكردنی دەكەن.

محەمەد ئامۆكەیی دانیشتووی گوندی ئامۆكان، بە"وشە"ی راگەیاند، "بە سێ‌ رۆژ تەنیا نیو سەعات ئاوی خواردنەوەمان پێ دەگات، ئەوەش بەهۆی كۆنی تۆڕەكانی دابەشكردن و گەیاندنی ئاو لە گوندەكەماندا".
گوندی ئامۆكان زیاتر لە 300 خێزانی تێدا نیشتەجێن و یەكێك لە گوندە گەورە و بەرفرەوانەكانی دەڤەرەكە پێك دێنێت.
ئەو گوندنشینە گوتی، "بەهۆی بەرز و نزمیی گوندەكە، ئاو بە هەندێك لە ماڵەكان ناگات و زۆر كەس بە ئارەزووی خۆیان زیادەڕۆیییان كردووەتە سەر تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو، ئەوەش ئەوەندەی تر كێشەكەی قووڵ كردووەتەوە".
زیاتر دەڵێ‌، "ئێستە نەبوونی ئاو بووەتە كێشەیەكی گەورە، تا ئاستێك ئەگەر حكوومەت بەخێرایی بەدەنگمانەوە نەیەت، گوندەكە چۆڵ دەكەین و روو لە سەنتەری هەریر و شارەدێیەكان دەكەین".
رەشید سەلیم گوندنشینێكی تری ئامۆكان، بۆ "وشە" روونی كردەوە، "لە بێ‌ ئاویدا دەخنكێین، چەندان جار فەرمانگەی ئاوی سنوورەكەمان ئاگەدار كردووەتەوە، بەڵام هیچ چارەسەر و وەڵامێكیان نییە".
بێوار عەدنان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دەوروبەری هەریر، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ئامۆكان لە گەورەترین گوندەكانی سنووری فەرمانگەكەمانە، بەهۆی كۆنی پڕۆژەی ئاوی گوندەكە، كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، ئەگەرنا دوو بیری ئیرتیوازی لە گوندەكە هەیە و ئاو زیادە، تەنیا كێشەی دابەشكردنی ئاویان هەیە، لە ساڵانی رابردوو لە پڕۆژەی وشكەساڵی بە تانكەر ئاومان بۆ دابین كردوون".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دەوروبەری هەریر، هۆی چاكنەكردنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو بۆ تەنگژەی دارایی دەگێڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت كە پێش تەنگژەی دارایی، گوژمەی 600 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی راكێشانی لوولەی ئاو بۆ گوندەكە تەرخان كراوە.
زیاتر دەڵێ‌، "هەر كاتێك نووسراوێكی موختاری گوندەكەمان بە دەست گەیشت و تیایدا داواكاری دابینكردنی ئاوی بە تانكەر بكەن، ئێمە پشتگیرییان دەكەین و بۆ سەرووی خۆمان بەرزی دەكەینەوە، بۆ ئەوەی بە تانكەر ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو ماڵانەی ئامۆكان دابین بكرێت كە ئاویان نییە".
گوندی ئامۆكان لە رووی كارگێڕییەوە سەربە شارەدێی هەریر/شەقڵاوەیە و بە دووریی پێنج كیلۆمەتر لە ناوەندی هەریر هەڵكەوتووە، زیاتر لە 300 خێزانی تێدا نیشتەجێن.

هەریر- مورشید برادۆستی 









وشە - تایبه‌ت