ئەنجامی لیژنەی ژەهراویبوونی ئاوارەكان ئاشكرا كرا

:: AM:11:52:19/06/2017 ‌

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر ئاشكرایان كرد، تا ئێستە حەوت كەس گیراون و كەیسەكەش دراوەتە دادگا و هیچ رووداوێكی ئەنقەست نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی حوزەیران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر گوتی، لە تیمی چێشتخانەكەدا شەش كەس گیراون و لە ڕێكخراوی قەتەرییەكەش كەسێك گیراوە لەسەر كەموكوڕییەكانی كە بە ئەنقەست نەبووە، بەڵكو بەهۆی مانەوەی خۆراكەكە بوو.

پارێزگاری هەولێر گوتی، ئەم خۆراكە لە سەعات نۆی بەیانی ئامادە كراوە و بۆ ئێوارە، ئەمەش وای كردووە جۆرە بەكتریایەك لەناوی گەشە بكات و هۆكاری ژەهراویبوونی ئاوارەكانی مووسڵ بێت و تا ئێستە 825 هاووڵاتی چارەسەریان بۆ كراوە.

جێی باسە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی خۆراكێكی ئامادەكراو لە كەمپەكانی خازر، حەسەن شام و یوو2 كە لەلایەن رێكخراوی راف دابین كرابوو، خەڵك بەهۆی خواردنەكە ژەهراوی بوون. چێشتخانەی دنیا لە هەولێر بۆ بەربانگ ئامادەی كردبوو و رێكخراوی "عەینولموحتاجین"یش دابەشی كردبوو.



وشە - رامیار جەواد