باشیك..لە كاتی ڕاكردنیان بۆ نێو مووسڵ پێشمەرگە هێرشی كردە سەر تیرۆریستان

:: AM:10:47:29/10/2016 ‌

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لەو كاتەی چەكدارانی داعش خەریكی ڕاكردن بوو لە نێو شارەدێی باشیكەوە، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە هێرشیان كرایە سەر و سەرجەمیان كوژران، بەهۆی ئەوەی شارەدێی باشیك لە هەموو لایەكەوە پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی كردووە، تیرۆریستەكانی نێو شارەدێكە دەیانەوێ گەمارۆكانی پێشمەرگە بشكێنن و رێگایەك بدۆزنەوە بۆ ڕاكردنیان بەرەو مووسڵ، بەڵام پێشمەرگە لە هەموو لایەكەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و تێكی شكاندوون.

بەپێی زانیارییەكان لە سەرچاوەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك بە "وشە" دراوە، شەوی ڕابردوو (بەرەبەیانی ئەمڕۆ) ئەو چەند چەكدارەی داعش كە لە ناو شارەدێی باشیك ماون، هەوڵیان داوە خۆیان دەرباز بكەن و دزە بكەن بەرەو شاری مووسڵ، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە و كوژراون.

پێشتر لیوا ئەحمەد كۆیی فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە باشووری باشیكەوە بۆ "وشە" گوتی، ئێستە گەمارۆی تەواوی باشیكمان داوە و گەیشتووینەتە دوا سنووری كوردستان، شارەدێی باشیك تەنیا كێوماڵكردنی ماوە، دەنا لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی توندمان خستووەتەسەر و هیچ دەرچەیەك بۆ تیرۆریستان نییە.

لە لێدوانێكی پێشوودا بۆ "وشە" حەمید ئەفەندی فەرماندەی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەری باشیك، ڕای گەیاند كە تەواوی گوندەكانی دەوروبەری ئەو شارۆكەیە ئازاد كراون و لە 23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەرەوە گەمارۆی توندیان خراوەتە سەر.

ئەوەی كە ئازادكردنەوەی ئەو شارۆكەیەی دوا خستووە، نەهێشتنی دەرچوونی ئەو هاووڵاتییانەیە كە تێیدا ماون، هەروەها بەهۆی ئەو بۆمبە چێنراوانەیە كە داعش لەو ناوچەیە چاوندوونی. لای خۆشییەوە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو لەسەر چیای خازر گوتی: لە ڕووی سەربازییەوە باشیك كەوتووە، بەڵام دەیانەوێ بە كەمترین زیان ئازادی بكەن.

لە میحوەری باشیك، هێزەكانی لیوای حەوت، پیادەی سۆران، فەرماندەیی هەڵگورد و فەرماندەیی پێنجی زێرەڤانی لێیە و تەواوی چواردەوری شارەدێیەكە و ڕێگەی سەرەكیی مووسڵیان گەمارۆ داوە.

شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزیدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.


وشە - كوردۆ شابان