دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەر ژن و منداڵە ئاوارەكان

:: PM:12:09:20/06/2017 ‌

دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەچەندان دەستدرێژیی سێكسی دەكات تۆمار كراوە كە رێكخراوێكی نەرویجی ئاماری پەنابەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی حوزەیران، هۆگر چەتۆ سەرۆكی ڕێكخراوی فریاگوزاری میلی نەرویجی لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ئێستەدا زیاتر لە ٢١٩ هەزار پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا هەن.

سەرۆكی ڕێكخراوی فریاگوزاری میلی نەرویجی گوتی، لە دهۆك نزیكەی ١٠٠ هەزار و لە هەولێر ١٠٩  هەزار و سلێمانیش ١٠ هەزار پەنابەری لێیە، هەروەها ئەم ئامارە بەدەر لەوە لە پارچەكانی تری كوردستان و فەڵەستینیشەوە ئاوارە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە.

 زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لەم كۆنگرەیە ڕای گەیاند، لە كەمپەكان دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەر ژنان و كچان و لەكاتی تۆماركردنی ڕێژەی دەستدرێژییەكانیشدا ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە.

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ دەڵێت، ڕاپۆرتێكمان ئامادە كردووە لەبارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران و لەو ڕاپۆرتەدا باس لە حاڵەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان و كچان و هەندێك جاریش منداڵان كراوە.

ڕۆژی 20ی حوزەیران ڕۆژی جیهانی پەنابەران لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمار كراوە لە سەرتاسەری دنیا.



وشە - رامیار جەواد