کچێک لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە پارێزگای هەولێر لەلایەن باوکییەوە دووجار دەفرۆشرێ، سەرەتا لە تەمەنی ١٢ ساڵی بە بڕی ٢٠٠$ بە پیاوێکی ٥٢ ساڵی و دوای چوار ساڵیش بەبڕی ١٥٠٠٠$ بە کوڕی پووری خۆی دەیفرۆشن و چەند ساڵێک پێکەوە دەژین و بڕیاری چوونە دەرەوەی وڵات دەدەن، بەڵام لەڕێگەی قاچاخ دەگیرێن و کچەكه ڕەوانەی کوردستان دەکرێتەوە، دوای گەیشتنی مێردەکەشی تەڵاقی دەدات، ئێستا ئەو کچە لەگەڵ ماڵی باوکی دەژی و چاوەڕێ دەکات باوکی بۆ جاری سێیەم بیفرۆشێ.
"شاناز" کچێکی تەمەن /٢٧ ساڵ/ ئێستا لەگەڵ خێزانەکەیدا لە هەولێر دەژی، ئەو ڕووداوانەی باوکی بەسەری هێناوە نەبووه‌تە هۆیی پچڕانی پێوەندی نێوانیان. ئەو دەڵێ، ئەگەر بڕیار بێت لە باوکم توڕە ببم دەبێت لە خێزانەکەم هەمووی بتۆرێم، چونکە باوکم لەبەرچاوی هەموویان ئەو کارەی بەرامبەر من کرد و هەمووان بێدەنگ بوون و ڕازی بوون، بۆیە ئەو تەنیا تاوانبار نییە، خێزانی من و کۆمەلگە و تەنانەت ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریم لەگەڵدا کردن تاوانبارن.
شاناز کە ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە باوکی مشته‌رییه‌كی باشی لێ هەڵبکەوێت و سێباره پێی بفرۆشێتەوە، بۆ "وشە" باسی له‌وه كرد كه ئەوکاتەی باوکی بە زۆر بەشووی داوه یان وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات "باشترە بڵێم فرۆشتمی تەمەنم ١٢ ساڵ بوو، هێشتا بێ‌نوێژ نەبووبووم (سووڕی مانگانه) دوای ساڵێک ژیان لەگەڵ مێردەکەم، یەکەم بێنوێژیم بینی.
شاناز ئه‌وه ناشارێته‌وه كه "ئەحمەد"ی هاوسه‌ری هه‌رچه‌نده ٤٠ ساڵ لەو گەورەتر بووه، پیاوێکی "زۆر باش" بوو لەگەڵم تەنانەت داوای هیچیشی لێ نەده‌کردم کە هەقی خۆی بوو لە منی کڕیاوی هه‌رچی بکات. زیاتر گوتی "نزیکی سێ ساڵ پێکەوە ژیاین لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چەند جارێکی کەم پێکەوە خەوتین، بەڵام نەیکردم بە ژن، ئیتر ژیانم لەگەڵ ئەو زوو کۆتای هات".
رۆژ ده‌ڕوات و ئەحمەد تووشی نەخۆشی دڵ دەبێت و دەمرێ، دوای ئەوەی میراتیەکەی دابەش دەکرێت، شاناز وەک ژنی ئەحمەد بەشێکی باشی بەردەکەوێ. باوکی كه هه‌ر وه‌ك كاڵا ره‌فتار به شانازه‌وه ده‌كات رووبه‌ڕوو پێی دەڵێت "لەو هاوسەرگیرییەت خێرێکی چاکم کرد، پەنا بەخوا بۆ ئەوەی دوای ئەوەش باشتر دەبێت".
به‌گوته‌ی ئه‌و كچه كه هێشتا ته‌واو ژیان ناناسێت و دوو ده‌ستی پێ كراوه له به‌رامبه‌ر تێكردنی سكی باوكی، ساڵێک بەسەر مردنی ئەحمەد تێ نه‌پەڕیووه، باوکی بۆ دووه‌م جار شاناز دەفرۆشێت بە کوڕی پوورەکەی، بەڵام ئەمجارە جیاوازی نێوان تەمەنی شاناز لەگەڵ "سڵێمان"ی تازه هاوسه‌ردا ١٥ ساڵ دەبێ.
"من و سڵێمان زۆر گونجاو بووین، دوای هاوسەرگیری زۆر یەکتریمان خۆش‌ویست ژیانیشمان زۆر باش بوو، بەڵام دواتر بەهۆی تێکچوونی باری داراییمان، بڕیارمان دا ئەوەی هەمانە بیفرۆشین و بچینە دەرەوەی وڵات" شانازی وای گوت.
ده‌كه‌ونه رێ به قاچاخ، لەڕێگە شاناز دەگیرێت و ماوەی سێ مانگ لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە هەر چاوەڕێ دەکات سڵێمان کارێکی بۆ بکات و ئازاد بكرێ، بەڵام ئه‌و چاوه‌ڕوانییه ناگات به ئه‌نجام. بۆیه شاناز لەگەڵ پێنج گیراوه‌كه‌ی تر سنوورداشی کوردستان دەکرێنەوە، به‌ڵام سڵێمان دەگاتە بەریتانیا.
شاناز دڵخۆشه به‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی گه‌یشت و ئومێدی ئه‌وه‌ی لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت له داهاتوو ئه‌میش ببكات، به‌ڵام سه‌ت پله پێچه‌وانه‌كه‌ی روو ده‌دات و سڵێمان ته‌ڵاقنامه‌ی بۆ ده‌نێڕێته‌وه و ده‌نووسێ "من تازە گەیشتم و ناتوانم تۆ ببەم" سڵێمانی خۆشه‌ویست هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێ دووه‌م زه‌بر له دڵێ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌وه‌شێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به برینه‌وه بژی، له‌وكاته له درێژه‌ی ته‌ڵاقنامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ "تۆ دابنیشە بەڵکو باوکت ئەمجارە بە کەسێکی لەمن باشتر بتفرۆشێ".
شاناز ئێستا لە یەکێک لە چێشتخانەکانی هەولێر کار دەکات، ڕۆژانە باوکی بەو تەکسیەی هەیەتی هاتوچۆی پێ دەکات، بەڵام بەبێ بەرامبەر نا، شاناز مووچەی ٦٠٠ هەزار دینارە و مانگانە ٢٠٠ هەزاری ده‌دات به باوکی لە بەرامبەر هاتوچۆكه‌ی. ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو "لە دوای سڵێمان چوار کەسی تر داوایان کردووم، بەڵام لەبەرئەوەی دۆڵەمەد نەبوونە باوکی ڕازی نەبووە و ئێستا باوکی چاوەڕوانی مشته‌رییه‌كی تره".
ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان