دەبێ ژنان 170 ساڵی تر چاوەڕێ بكەن تا لەگەڵ پیاوان یەكسان ببن

:: PM:02:12:29/10/2016 ‌

بە گوێرەی توێژینەوەیەكی نوێی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، تا 170 ساڵی تر ژنان ناتوانن لە رووی ئابوورییەوە ببنە هاوئاستی پیاوان و لەگەڵیان یەكسان بن.

توێژینەوەكە لەلایەن ئەو كۆڕبەندەوە ئەنجام دراوە و بریتییە لە هەڵسەنگاندن و پێشبینیكردنی دۆخی ئابووریی هەردوو رەگەزەكە، كە بۆ توێژینەوەكە 144 وڵات بە نموونە وەرگیراون و لێیان توێژراوەتەوە، هەر یەكە لە بوارەكانی فێركردن و تەندروستی و بەشداریی ئابووریشی گرتووەتەوە.

بە گوێرەی توێژینەوەكە تا ساڵی 2186 ئەستەمە یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە رووی ئابوورییەوە بێتە دی، چونكە جیاوازیی و ناهاوسەنگییان لە ئێستەدا بە جۆرێكی ئێجگار بەرچاوە.

توێژینەوەكە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، كە لە رووی سیاسیشەوە جیاوازییەكانی ژن و پیاو زۆرن، بە جۆرێك كە لەسەر ئاستی دنیادا، بەشداریی سیاسیی پیاوان چوار هێندەی ژنانە و لە نێوان تەواوی وڵاتانی دنیا، تەنیا لە چوار وڵات رێژەی هەردوو رەگەز لە ئەنجوومەنی یاسادانان و دەسەڵاتە باڵاكان یەكسانە.

ئەم هەموو جیاوازییەش لە كاتێكدایە كە هەر بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیە، لەم سەردەمەدا لە 95 وڵاتی دنیا رێژەی ژنان یان یەكسانە بە هی پیاوان، یانیش بەرزترە لە هی پیاوان لە بواری زانكۆ و خوێندنی باڵا.

سەرچاوە: rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی