هەزاران ساڵ پێش ئێستە نووسین لە كوردستان و ناوچەكە داهێنرا

:: PM:04:05:24/06/2017 ‌
گەیاندنی ئەزموون و زانین و پەیام و ڕووداوەكان لە بەرەبەیانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە، خواستێكی هەمیشەیی بووە، بۆیە لە ڕێی هێما و وێنەكێشان و نووسینەوە مرۆڤ لە چاخە سەرەتایییەوەكانەوە، هەوڵی داوە نەوەكانی دوای خۆی لە ئەزموونەكانی خۆی ئاگەدار بكاتەوە، لە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر چەندان پارچە و تابلۆی نووسینی دێرینی مرۆڤایەتی هەن، تۆماری مێژوویی دەگمەن و دانسقەن، مرۆڤانی پێشتر نەوەكانی دوای خۆیان لە ئەزموونی ژیانی خۆیان ئاگەدار كردووەتەوە.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوە لەسەر كۆنترین ئەو تاشەبەردانەی نووسینیان لەسەر هەڵكۆڵراوە، بۆ یەكەم جار نووسین لە وڵاتی میزۆپۆتامیا داهێنراوە، هەندێك لە لێكۆڵەرەوان بە دیاریكراوی ئاماژە بەوە دەكەن، لە سەردەمی وەركا نووسین دۆزراوەتەوە و هەزار تاشەبەردی لەسەر نووسراو لە بواری ئابووری و چاندن لەو سەردەمە دۆزراونەتەوە.

سەرەتا مرۆڤ هەستاوە بە داهێنانی نووسین بە شێوازی وێنەیی واتا بۆ هەر بابەتێك وێنەی دیمەنەكانی بابەتەكەیان دەكێشا كە مێژووی ئەم شێوازە نووسینە بۆ 3500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

لە پاش نووسینی وێنەیی كە ئەویش گۆڕانكاری بەسەردا هاتبوو، مرۆڤ دەستی كرد بە نووسین بە بەكارهێنانی قەڵەمێك بە شێوازی سێگۆشە كە نووسینەكەی بە شێوازی بزمار دەردەچوو تا ساڵی 539 پێش زاینی بەكار هاتووە.

شایانی باسی نووسینی بزماری بە شێوازی ستوونی دەنووسرێت و ژماری پیتەكانی كە لە سەرەتاوە دوو هەزار بووە و پاشان گەیشتووەتە 500 پیت.

هەولێر/سارا سەردار.







وشە - باز ئه‌حمه‌د