یه‌ك له‌ سه‌دی مووسڵ بە دەست داعشەوە ماوە

:: PM:11:54:25/06/2017 ‌

فەرماندەیی هێزەكانی كردەگەلی هاوبەشی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە، تیرۆریستان لە مووسڵ لە دۆخی شكستی یەكجارەكیدان و تەنیا 1% شاری مووسڵیان بەدەستەوە ماوە.

لە بەیاننامەیەكی فەرماندەی كردەگەلی هاوبەشی هێزەكانی عێراق هاتووە، هێزەكانی وەڵامدانەوەی خێرای سەر بە پۆلیسی فیدرالی عێراق لە میحوەری باكور بەردەوام لە پێشڕەوی و بە چڕی گەمارۆی نەخۆشخانەی كۆماری مووسڵیان داوە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، بەشی باكوری گەڕەكی شفا‌و دوای ڕزگار كردنی بەشی باشووری تەواو بووە و پردی پێنجەمی مووسڵیش لەسەر ڕووباری دیجلە كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە.

ئاماژە دراوە، لە میحوەری باكوری ڕۆژئاوا هێزەكان لە ناوچەی فارووق دەستیان بەسەر چەند شوێنێكی گرنگ گرتووە و لە باشوورەوەش ناوچەكانی "رەئس جادە، باب جەدید، باب بەیز" بە ئاراستەی ناوچەی خەزرەج لە تیرۆریستان پاك كراونەتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د