ئێران: سوپای پاسداران لە ئەمەریكا و ئەوروپا دروست دەكات

:: PM:02:54:29/10/2016 ‌

فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسداران رای دەگەیەنێت، بەم نزیكانە سوپای پاسداران چالاكییەكانی لە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا دەست پێ دەكات، سوپای پاسداران توانیویەتی دزە بكاتە نێو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا بۆیە بەمزووانەوە كاردانەوەكان دەبینن.

سالار ئابنووش، ریكخەری كاروبارەكانی بنكەی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای دەكات، بەم نزیكانە لە ئەمەریكا و ئەوروپا سوپای پاسداران دروست دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 28ی ئەیلوول/ئۆكتۆبەر، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسداران لە زاری رێكخەری كاروبارەكانی بنكەی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسدارانی گواستەوە، سوپای پاسداران توانیویەتی دزە بكاتە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپایی و بەم زووانە كاردانەوەكانی بەدی دەكرێت.

ئابنووش پێی وایە، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی بەسەر نەیارانیدا زاڵ ببێت و بە كار و چالاكییەكانی دزە بكاتە ناو كۆی وڵاتانی دنیا.

ئەو لێدوانانەی رێكخەری كاروبارەكانی بنكەی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەكاتێكدایە سەرجەم فەرماندە و كۆمپانیاكانی سوپای پاسداران لەناو لیستی رەشی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریكادا تۆمار كراوە، هەر هاووڵاتییەك یان بازرگانیك مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسداران بكات، دادگەیی دەكرێت و سزای بەسەردا دەسەپێت.

هەموو ساڵێك لە راپۆرتی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی، سوپای پاسداران بە سەركوت و كوشتنی هاووڵاتییانی ئێران و ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لە سووریا و یەمەن تاوانبار دەكرێت.

سەرچاوە/ تەسنیم


وشە - هیدایه‌ت جان