"بەغدا و هەولێر لەبارەی ناوچە كێشە لەسەرەكان لێكگەیشتنیان هەیە"

:: PM:03:51:29/10/2016 ‌

فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لێكگەیشتن لە نێوان حكوومەتی ناوەند و حكوومەتی كوردستان هەیە لەبارەی ناوچە كێشە لەسەرەكان.

فەیاز ئەمڕۆ شەموو لە كۆڕێكی تایبەت بە رووبەڕووبوونەكانی ئاسایشی نیشتمانی لە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ لە شاری نەجەف گوتی، دوای سەقامگیربوونی دۆخی تەناهیی عێراق، هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشین و كێشەكانمان چارەسەر دەكەین.

پێنجشەمی رابردوو لە میانی سەردانی عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعە) بۆ سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا باسی لە نووسراوێكی چارەسەری نیشتمانی لە عێراق كرد.

حەبیب تەرفی پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لەوبارەوە گوتی، ئەو نووسراوە دەستپێشخەرییەكی گشتییە لە هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاروباری وڵات لە قۆناغی دوای داعش و پاراستنی یەكێتیی گەل و خاكەكەی.   

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو نووسراوە، مافی هەمووان پارێزراوە و ئەو قسانە كۆتای پێ دێنێت كە باس لە فەرامۆشكردنی پێكهاتە و لایەنێك دەكات و هەمووان مافی خۆیان وەردەگرن، بەڵام بەعسییەكان و ئەوانەش ناگرێتەوە كە دەستیان بەخوێنی عێراقییەكانەوە سوورە.

پێنجشەمی رابردوو حەكیم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆك بارزانی رای گەیاند كە هاوپەیمانی نیشتمانی خەریكی كۆتاهێنانە بە نووسراوی چارەسەری نیشتمانی كە وەك دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات دەیخاتە پێش هاوبەشانی و لەگەڵ راگەیاندنی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەخرێتە روو.

سەرچاوە: مەدا پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل