ململانێی واشنتن و تاران لە عێراق بە چڕی دەستی پێ كردووە

:: PM:01:34:28/06/2017 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرای كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئێران ململانێی قورسیان هەیە بۆ زاڵبوون و كۆنتڕۆڵ كردنی ڕێگەی خێرای نێوان بەغدا و وڵاتی ئوردن، دوای پاككردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری ئەو رێگەیە لە دەست تیرۆریستانی داعش.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بابەتێكی ریتچارد سپنسەری بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باس لە ململانێی قورسی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەكات لەسەر كۆنتڕۆڵ كردنی ڕێگەی سەرەكی و خێرای نێوان بەغدا و ئوردن.

سپنسەر نووسیویەتی، هێزەكانی سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هێزەكانی سەر بە ئێران لە ململانێ و كێبەڕكێی توندان بۆ دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ڕێگەكانی ڕۆژئاوای عێراق، بەتایبەت ئەو ڕێگەیەی بەغدا بە ئوردن دەگەیەنێت.

ئاماژەی داوە، كۆمپانیایەكی ئەمەریكی گرێبەستێكی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق واژوو كردووە و تێیدا تەندەری نۆژەن كردنەوەی ڕێگەی سەرەكی و خێرای نێوان عومانی پایتەختی ئوردن و بەغدا لە ئەستۆی ئەو كۆمپانیایەدایە و سیاسییەكان و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانیش لە عێراق دژی ئەو گرێبەستەی سەرۆك وەزیران و كۆمپانیا ئەمەریكییەكە وەستاونەتەوە.

لە بەشێكی تردا هێما بۆ ئەوە كراوە، كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، ئێستە لە ڕێگەیەكی تری تایبەت دەگەڕێن، كە بە باكورەوە تێپەڕ دەبێ و لە بەعقووبەی نزیك ئێرانەوە دەست پێ دەكات و بە باشووری كەركووك و باكوری ڕۆژئاوای مووسڵ دەگاتە سووریا و لەوێوەش بە دیمەشق دەبەسترێتەوە.

سپنسەر دیدارێكی لەگەڵ بەرپرسێكی هێزەكانی بەدر بەناوی "موعین كازمی" ئەنجام داوە و ناوبراو دەڵێ، بوونی ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك لە عێراق ڕەت دەكەینەوە و هیچ كات بیانوو نادەین تا سەربازانی لە عێراق بهێڵێتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د