مزگەوتی نووری و منارە حەدبای مووسڵ كۆنتڕۆڵ كرا

:: PM:01:19:29/06/2017 ‌

شاری كۆنی بەری راستی موسڵ ماوەی چەند ڕۆژێكە شەڕ تیایدا بەردەوامە، ئەمڕۆ مزگەوتی نووری ‌و منارە روخاوەكەی حەدبا ‌و چەند ناوچەیەكی تر كۆنتڕۆڵ كرانەوە، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراقی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی حوزەیران، عەبدولئەمیر رەشی فەرماندەی كردەوەگەلی "واهاتین نەینەوا" بڵاوی كردەوە، كە هێزەكانیان توانیویانە مزگەوتی نووری و حەدبا ‌و سەرجخانە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

ئەم فەرماندەیە دەڵێت، لە میحوەرەكانی تری شاری مووسڵی كۆن، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی مزگەوتی كراریان كۆنتڕۆڵ كردوەتەوە.

ڕۆژی چوارشەم 21ی حوزەیران منارەی مێژویی حەدبا ‌و مزگەوتی گەورەی نووری لەلایەن چەكدارانی داعش لە بەری راستی مووسڵ تەقێندرایەوە، ئەوەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە بە شكست ‌و كۆتایی رێكخراوەكە لە مووسڵ دادەنرێت بەوپێیەی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر لەو مزگەوتەوە ئەبوبەكر بەغدادی خەڵیفەی چەكدارەكان خەلافەتی راگەیاند.





وشە - رامیار جەواد