شنیار قوربانی كولتووری ژن بە ژنێ
بە زۆر هاوسەرگیری پێ‌ دەكرێت و بە زۆریش لە هاوسەرەكەی جیا دەكرێتەوە

:: PM:02:47:30/06/2017 ‌
كچێكی تەمەن ٢٣ ساڵ كە دانیشتووی شاری هەولێرە، دوای ئەوەی بە زۆر ژن بە ژنی پێدەكرێت، بە هۆی نەگوونجانی براكەی لەگەڵ براژنەكەیدا ئەویش لە دوای شەش ساڵ لە هاوسەرگیری و دوو منداڵ ، كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا نییە بە زۆر لە لایەن ماڵی باوكییەوە تەڵاقی پێ وەردەگیرێت.

"شنیار" ژنێكی باڵابەرزی ئەسمەری قژ كاڵە، روخسارێكی ئارام بەخش و میهرەبانی هەیە، لە بەرامبەر هەموو ئەو كارانەی لە لایەن ماڵی باوكییەوە بەرامبەری كراوە، بەخۆشەویستیەوە باسیان دەكات و دەڵێت، تەنیا داوای ئەوەیە ئەوەی بەرامبەر خۆی كراوە هیچ باوك و برایەك بەرامبەر كچەكانیان نەیكەین.

 شنیار، چەند مانگێكە بەزۆر لەهاوسەرو منداڵەكانی جیابۆتەوە، بۆ "وشە" ئاوا باسی ژیانی خۆی كرد" تەمەنم ٢٣ ساڵ بوو قوتابی پەیمانگە بووم نەیان هێشت خوێندنەكەم تەواو بكەم، لەبەرئەوەی براكەم پێوەندی لەگەڵ كچێكدا هەبوو ماڵی باوكی كچەكەش داوای ژن بە ژنیان دەكرد، منیان لە پەیمانگە دەرهێناو بە زۆر بە شوویان دام" ئەو دەڵێ‌، بۆ خۆشی براكەم منیان كردە قوربانی، سەرەتای هاوسەرگیریم هەموو شتێك زۆر نوێ بوو وا هەستم دەكرد لە بری خوێن دراوم بۆ هەموو شتێك زۆر هەستیار بووم تەنانەت نانیشم بەشەرمەوە دەخوارد، بەڵام دواتر بە هۆی باشی "ئەحمەد"ی هاوسەرمەوە هەموو شتێك زۆر باش بوو ئەو ژیانەی چاوەڕێی نەبووم لەو ماڵە بەدەست بێنم بەدەستم هێنا.

شنیار لەگەڵ ماڵی خەسوویدا دەژیت و زۆر ئاسودە دەبێت، وەك خۆی باسی دەكات "ئەحمەد" هەر چەندە ١٠ ساڵ لەخۆی گەورەتر بووە، بەڵام پیاوێكی زۆر تێگەشتوو بووە و هەمیشە سنووری بۆ هەموو دەسەڵاتێكی خۆی داناوە، تەنانەت شنیاریشی ناردۆتەوە پەیمانگە و خوێندنی پێ تەواو كردوە و دواتریش خۆی كاریی بۆ دۆزیوەتەوە هانی داوە كار بكات، بەڵام براو براژنەكەی هەر لە سەرەتاوە كێشەیان هەبووە.

 شنیار كە ئێستاش بە خۆشەویستیەوە باسی ماڵی خەسووی و هاوسەرەكەی دەكات دەڵێت، خۆشترین كاتەكانی ژیانم لەگەڵ "ئەحمەد" بەسەر برد بەڕاستی هەستم بە ئافرەت بوونی خۆم كرد لەماڵەكەی ئەواندا، بەڵام یاسای ژن بەژن ئاوایە، براو براژنەكەم هەمیشە كێشەیان هەبوو ئەوكاتەی ئەوان شەڕیان دەبوو براژنەكەم دەتۆرا ، براكەم بەزۆر دەهات منشی دەبردەوە.

ژیانی شنیار بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، براو براژنەكەی دەبن بە خاوەن سێ منداڵ و شنیار و ئەحمەدیش دەبن بەخاوەن دوو منداڵ، بەڵام كێشەكانیان تەواو نابێت، وەك چۆن بۆ هاوسەرگیریان شنیار بوو بە قوربانی ئاواش لەكاتی دروست بوونی ناخۆشیاندا، شنیار و منداڵەكانی باجەكەی دەدەن.

شنیار باس لەوەدەكات، چەندین جار بەدوای ڕێگە چارەی جیاوازدا گەڕاون بۆئەوەی خۆیان لەو كۆتوبەندە بێننە دەرەوە كە تێدان، هەوڵیان داوە لەگەڵ منداڵەكان و ئەحمەد دا بچنە دەرەوەی وڵات بۆئەوەی لە كێشە و یاساكانی ژن بەژن بەدوور بن، بەڵام ماڵی باوكی شنیار ڕازی نابن، دوای شەش ساڵ لە هاوسەر گیری ئیدی ئەو ڕۆژە دێت كە شنیار لە سەرەتای ژیانی لەگەڵ ئەحمەد دا لێی دەترسا، شنیار بە دڵێكی پڕو چاویی گریانەوە ئاوا باسی ئەو ڕۆژە دەكات "براكەم پێوەندی لەگەڵ كچێك هەبوو براژنەكەشم بەو پێوەندیەیی زانی و كێشەكەیان زۆر گەورە كرد بێ ئەوەی بیر لە منداڵەكانیان و ئێمەش بكەنەوە، ئیدی بڕیاری جیابوونەوەیاندا، كاتێك براژنەكەم هاتەوە ماڵی باوكی براكەشم هات منی بەقژ ڕاكێشان لەباوەشی دوومنداڵەكەمدا هێنایە دەرێ، لەماوەی هەفتەیەكدا هەمووشت كۆتایی هات و بە دانیشتنی عەشایەری بێ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ من و منداڵەكانم و ئەحمەد و منداڵەكانی براژنەكەشم بكرێت، بڕیار درا هەردوولا جیاببینەوە و منداڵەكانی من لە ماڵی خەسووم براژنم بەخێویان بكات، منیش لەماڵی باوكم منداڵەكانی براژنم بەخێو بكەم.

شنیار سەرەتا بە هاوسەرگیریەكە ڕازی نەبووە، دوای شەش ساڵیش نەیویستوە جیا ببێتەوە، چونكە ئەو خێزانەی دروستكردووە كە خەوی پێوە بینیوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، پیاو سالاری و كولتووری هەڵەی هەندێك خێزان ژیانیان دووجار لەو تێك داوە، شنیار ئێستە خۆی بە یەكێك لەو هەزاران ژنانە دادەنێت كە بوو بەقوربانی دەستی بڕیار و دەسەڵاتی پیاو لە كۆمەڵگە و خێزاندا.

وشە/ ئیڤان عەبدوالرحمان




وشە - سه‌رخێڵ هاشم