باڵی قۆرخكار دەستی بە "تیرۆری كەسایەتییەكان" كرد

:: PM:05:23:29/10/2016 ‌


دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو نووسراوێكی ساختە بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوبووەوە، كە گوایە حكوومەت بڕە پارەیەكی زۆری بە پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سەوز داوە، ئەمڕۆ حكوومەت ڕوون كردنەوەی لەوبارەوە ڕاگەیاند و ئەو پەرلەمانتارەش دەڵێ، بەهۆی باڵەكانی نێو یەكێتییە ئەو تۆمەت و نووسراوە ساختەیەم بۆ دروست كراوە.

رێواز فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، هۆكاری دروست كردن و بڵاوكردنەوەی ئەو نووسراوە ساختەیە و هەڵبەستنی ئەو تۆمەتانە، بۆ كێشە و ململانێنی نێو یەكێتی دەگەڕێتەوە، دەنا لە بنەڕەتدا ئەو تۆمەتانە تەواو بێ بنەمان.

هەروەها گوتی،  ئەو تۆمەتانەی بۆم دروست كراوە لێرەوە تەواو نابێت، تۆمەتی تریشم بۆ دروست دەكرێت، تەواوی ئەو تۆمەتانەش لەلایەن باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆم هەڵدەبەسترێت، چونكە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوە ساختەیەش لە پەیجەكانی نزیك لەو باڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" بەهۆی ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە كارایە فراكسیۆنی یەكێتی دژی بە بنەماڵەكردنی یەكێتی و باڵی قۆرخكاری ئەو حزبە، دەستڕۆیشتووانی یەكێتی دەستیان كردووە بە تۆمەت بۆ دروستكردنی تا پەشیمان بێتەوە لە باڵی ناوەندی بڕیار و وازیان لێ بهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆراشە بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، دوو رۆژە لە ژێر فشارێكی زۆر بووم، هەر نەیارێكی یەكێتی ئەو تۆمەتەی هەڵببەستایە گرنگ نەبوو، بەڵام زۆر جێی داخە لە نێو یەكێتی ئەو كارە كراوە، هەرگیز نەم دەزانی یەكێتی بەوشێوەیە تۆمەتم بۆ دروست دەكات.

لە كۆتایی قسەكانیدا رێواز فایەق گوتی، ڕەنگە تەنیا من نەبم لە داهاتوو پەرلەمانتارانی تریش لەلایەن ئەو باڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بە هەمانشێوە تۆمەت دروست بكەن و بڵاوی بكەنەوە، بەڵام هیچ بنەمایەكیان نییە و ڕاست نین.

سەرچاوەیەك لە باڵی قۆرخكارەوە بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی باڵا نەیانتوانی لە ڕێی پارە و ئیمتیازاتەوە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی یەكێتی كە لەگەڵ ناوەندی بڕیاردان بیانكڕن، بۆیە ئێستە پەنا دەبەنە بەر تۆمەت بۆ دروست كردن و ناوزڕاندنیان.

چاودێرێكی سیاسیش هێما بۆ ئەوە دەكات، كە ئەمە جۆرێكە لە تیرۆری كەسایەتی و دژی ئازادی كاری سیاسی و بیروباوەڕی سیاسییە.

رۆژی 17 ئایار/مایۆ لە شاری سلێمانی هەریەك لە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەیان ئیمزا كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە 2009 نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جیابووەوە و تا ئەو ماوەیەی خەریكی دانوستاندن بوون بۆ ئەو رێككەوتنە، میدیاكانی گۆڕان بەردەوام یەكێتی و سەركردەكانیان بە گەندەڵ ناودەبرد و بەجۆرەها شێوە هێرشیان دەكردنە سەر، بەڵام دوای رێككەوتننەكە، ئیتر هەموو سەركردەكانی یەكێتی لە گەندەڵی داماڵران و بوونەوە بە كەسی شارەزا و پاك، ئەم رێككەوتنەش بەهۆی ئەوەی دژی سیاسەتی چەند ساڵەی گۆڕان بووە، بەشێك لە هەڵسوڕاو و كادرە دیارەكانی گۆڕانی نیگەران كردووە و بەشێكیشیان دەستیان لەو حزبە كێشایەوە، هاوكات لەلایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند سەركردەیەكی دیاری ئەو حزبە نیگەران و ناڕازین لەو رێككەوتنە.




وشە - رامیار جەواد