لە کوردستان 115 بەساڵاچوو لە خانەکانی حەوانەوەی بەساڵاچواندان

:: PM:03:53:01/10/2016 ‌

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەموو لە رۆژی جیهانیی بەساڵاچووان ئاشکرای کرد لە هەرێمی کوردستان تەنیا 115 بەساڵاچوو لە خانەکانی بەساڵاچووانی هەولێر و سلێمانی خزمەت دەکرێن، نەچوونی بەساڵچوانیش بۆ خانەکان بە هۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتیی کوردستانەوەیە.

محەمەد هاودیانی بە "وشە"ی راگەیاند لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەوڵمان داوە خانەی بەساڵاچوان بۆ پەککەوتەکان بکەینەوە بەڵام لە دهۆک کردنەوەی ئەم خانەیە رەتکرایەوە ئەو بەساڵاچووانەشی لەو شارە هەن دەهێنرێنە هەولێر، هەروەها گوتی ئێستە لە هەولیر و سلێمانی خانەی بەساڵاچووانمان هەیە 55 پیاو و 20 ئافرەت کە دەکاتە 75 کەس لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێرن، 32 پیاو و 8 ئافرەتیش کە دەکاتە 40 بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچوانی سلێمانیدان.

ئاماژەی دا بە هۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و تابۆکان، دروستکردنی خانەی بەساڵاچوان نەبۆتە پێویستییەکی سەرەکی چونکە کەسوکاری بەساڵاچووەکان پێیان عەیبە کەسەکانیان ببەن رادەستی ئەو خانانە بکەن.

وەزیری کار و کاروباری حکوومەتی هەرێم ئاشکراشی کرد، بە هاوکاری کونسوڵخانەی تورکیا و ئیماڕات و رێکخراوە خێرخوازییەکان خزمەتی زۆرباش بە بەساڵاچوانی نێو خانەکان دەکرێت، بەڵام بە هۆی عەیبە و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە تەنیا 115 بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچوانی هەولێر و سلێمانیدان.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جیهانیی بەساڵاچوان دیاری کردووە، بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە کەسانی سەروو 60 ساڵ بە بەساڵاچوو هەژمار دەکرێن و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ فەراهەم دەکرێ.

وشە/ گەرمیان. سەبری هۆرینی.
پێداچوونەوە: ئ. ک.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی