هەڕەشەكان بۆ سەر حەشدی شەعبی رژد دەبن

:: PM:03:14:30/10/2016 ‌

دوێنێ شەموو هێزەكانی حەشدی شەعبی (شیعە) دەستیان بە هێرشكردن لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد، هاوكات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش وەستاندنی كردەوەگەلی سەربازییەكەی بەشێوەیەكی كاتی بۆ خۆرێكخستنەوە راگەیاند، لەناو رەتكردنەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ وەستانی جەنگەكە، توركیا بەئاشكرا هەڕەشە لە حەشدی شەعبی دەكات و پارێزگاری پێشووی مووسڵیش وریایی لە وەستانی پاڵپشتی هاوپەیمانان دەدات.

لە 17ی ئەم مانگە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە چەند قۆڵێكەوە لەلایەن سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەپاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەستی پێ كرد و لە یەكەم رۆژی جەنگەكەدا پێشمەرگە نۆ گوندی ئازاد كردەوە، بەپێی فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگە تا ئێستە 75%ی ئەو ناوچانەی بۆ پێشمەرگە دیاری كراوە لە جەنگەكە ئازادیان كردووەتەوە و ئەمڕۆش هێرش بەردەوام بووە. 

دوێنێ هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە پێشڕەوییكردن بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ كرد، ئەوان توانییان بەگوڕ و تینێكی زۆرەوە پێشڕەوی بكەن و نزیكەی 10 گەند ئازاد بكەنەوە، ئەمڕۆ بەردەوام بوون و چەند گوندێكیان ئازاد كردەوە، بەپێی بەرپرسانی حەشدی شەعبی شارەزایانی سەربازی ئێرانی هاوەڵی ئەوان دەكەن لەو كردە سەربازییەی كە ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی راستەوخۆ سەرۆكایەتی دەكات و قاسم سلێمانی فەرداندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیش ناڕاستەوخۆ.

ئامانجی سەرەكیی حەشدی شەعبی وەك پێشتر هاتە راگەیاندن كۆنترۆڵكردنی شارۆكەی تەلەعفەری زۆرینەی توركمانی شیعە و رێگەی سەرەكی نێوان مووسڵ و خاكی سووریایە كە بەقسەی حەشد دوو مەبەستیان هەیە، یەكەمیان بڕینی هاتنی پاڵپشتی بۆ داعش لە مووسڵ و دووەمیان رێگرتن لە هەڵاتنی چەكدارانی داعشە بەرەو خاكی سووریا بۆ لەناوبردنیان بەیەكجاری لە مووسڵ.

بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە حەشدی شەعبی ئەو هێزە توانیویەتی ئەمڕۆ یەكشەم گوندەكانی جەرن و موستەنتەق و سەلمانی سەر بەشارەدێی حەمام عەلیل لە باشووری مووسڵ بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر ئازاد بكەنەوە. 

بەر لە دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ، شەڕە قسەی بەرپرسانی عێراق و توركیا دەستی پێ كرد، توركیا ماوەی مانەوەی هێزێكی سەربازی خۆی لە عێراق بۆ ساڵێكی تر درێژ كردەوە و باسی بەشداریكردنی ئەو هێزانەشی كرد كە جەنگەكە بەشداری دەكەن، ئەو لەو كاتەی بەشداری حەشدی شەعبی رەت كردەوە، هەوڵی بەشداریكردنی راستەوخۆ دەدات لە جەنگەكە، بەڵام حكوومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە.

ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی مووسڵ و سەرۆكی حەشدی نیشتمانی (سونە) كە شەڕوانانی ئەو هێزە لەلایەن شارەزایانی سەربازی توركیاوە راهێنانیان پێ كراوە و چەكدار كراون، ئاماژەی بۆ مەترسییەكانی وەستاندنی پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لە جەنگی ئازاد كردنەوەی مووسڵ كرد، وێڕای دەربڕینی مەترسییەكانی لە هەڵوێستی بەغدا لەوبارەوە و پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی بەرەو تەلەعفەر كە رەنگە دووچاری لەناوچوون ببنەوە.

ئێوارەی هەینی جۆن دووڕیان گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی عێراق پێشڕەویكردنیان بەرەو مووسڵ بە شێوەیەكی كاتی وەستاندووە بەمەبەستی خۆرێكخستنەوە، ئەو زانیارییانەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەركردایەتی كردەوەگەلی هاوبەش رەتیان كردەوە. 

نوجێفی لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت، ئێستە جەنگی مووسڵ چووەتە ناو لاپەڕەیەكی نوێ كە لەوەی پێشووی لەكاتی دەست پێكردنی جەنگەكە جیاوازە، كە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان هێزە بەشدارەكان هەبوو، ئێستە ئەوە نەماوە و پێویستە بە پەلە رۆڵ و لایەنی سیاسی رێك بخرێتەوە، چونكە پاشەكشەكردنی پاڵپشتی هاوپەیمانان لەو قۆناغەدا عێراق دەخاتە بەردەم چەندان مەترسییەوە.

زیاتر گوتی، پێویستە بەغدا بەدوای چارەسەری سیاسییانە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بگەڕێت و بەدوای هەڵچوون و خۆخستنە مەترسی نەكەوێت، وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوام لە كردە سەربازییەكان بەبێ پاڵپشتی و رەزامەندی هاوپەیمانان و وەستاندنی پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی، چونكە خوێنی عێراقییەكان لەوە بە بایەخترە.

نوجێفی ئاماژەی بۆ بوونی هەڕەشەی ئاشكرای لەلایەن داعشەوە بۆ سەر حەشدی شەعبی بەبێ پاڵپشتی هاوپەیمانان كرد كە رەنگە بەهۆی هەڵمەتبردنیان بۆ شوێنێك كە شارەزای نین تووشی مەترسی ببنەوە، وەك ئاماژەیەكی شاراوەش بۆ ئەگەری كردنە ئامانجیان لەلایەن لایەنی ترەوە. 

لە 17ی ئەم مانگە بە بەشداری 45 هەزار لە هێزە تەناهییەكانی عێراق و 30 هەزار پێشمەرگە و نزیكەی 15 هەزار شەڕوانی هەردوو حەشدی شەعبی و نیشتمانی، جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و ئێستەش بەردەوامە. 

لای خۆیەوە دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی بەنیازە هێزەكانی خۆی لە بنكەی ئاسمانی سیلۆپی لە نزیك سنوورەكانی عێراق زیاتر بكات و هەڕەشەی لە حەشدی شەعبی عێراق كرد بەوەی لە ئەگەری نانەوەی پشێوی و ترس و تۆقین لە شارۆكەی تەلەعفەر، ئەوە توركیا وەڵامێكی جیاوازی بۆ ئەوان دەبێت.

سەرچاوە: شەفەق نیوز، نەهرێن


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل