بڕیاری لە سێدارەدان بۆ سێ‌ بكوژ دەرچوو

:: PM:01:13:13/07/2017 ‌

لە دادگای هەولێر بەهۆی كوشتنی كەسێك، بڕیاری لە سێدارەدان بۆ  سێ‌ بكوژ دەرچوو. پارێزەرێكی كەیسەكەش دەڵێت، كوشتنەكەیان هۆكارێك بووە بۆ تێكدانی دۆخی تەناهیی شاری هەولێر بە پێی مادەی 406 ئەم بڕیارە دەرچووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی تەمووز، یەكەمین دادگایی سێ‌ تاوانبار بەڕێوە چوو كە هەستان بە كوشتنی فڕۆشیارێكی دراو گۆڕینەوە لە ڕێكەوتی 31ـی كانووی دووەمی ساڵی 2017 لە بەردەم ماڵەكەی خۆیی لە گەڕەكی منارەی شاری هەولێر.

دادوەر دوای خوێندنەوەی یەكەمین كەیسی ڕۆژ بۆ تاوانی كوشتن، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و زیاتر لە 15 پارێزەر و كەسوكاری كوژراوەكە لە ژوورەوە ئامادە بوون، لەگەڵ چەند ڕاوێژكارێكی یاسایی یەكەمین خوێندنەوەی بۆ كەیسەكە كرد كە سێ‌ تاوانبار ئامادە بوون بەناوەكانی "تاریق عەزیز و محەمەد سابیر و سەركەوت كەریم".

دادوەر تاوانبارانی تۆمەتبار كرد بە مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەتۆمەتی كوشتن و هەوڵی نانەوەی پشێوی لە شاردا، دوای ئاراستەكردنی تۆمەتەكە هیچ ناڕەزایەتییەك لەلایەن تاوانبارانەوە نەبوو كە مانای قبووڵكردنی تۆمەتەكە بوو، داواكاری گشتیش پاڵپشتی دادوەری كرد لە ئاراستەكردنی تۆمەتەكە.

پارێزەر كارۆخ ڕەشید كە یەكێك بوو لە پارێزەران كە لە دادگایییەكە ئامادە بوو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری دادگا بە سزای لە سێدارەدانی هەرسی تاوانبارەكە دەرچوو، چونكە جگە لە كوشتنی بە ئەنقەست، هەوڵی شێواندنی شاریان داوە و چەند تاوانێكی تریشیان ئەنجام دابوو.

مەحموود عوسمان كە پیشەكارێكی شاری هەولێر بوو و خەریكی گۆڕینەوەی دراو بوو، ڕۆژی 31ـی كانوونی دووەم لە بەردەم ماڵەكەی لە شاری هەولێر كوژرا، بڕی 80 هەزار دۆلاری لێ برا، سەرەتا بەكارێكی تیرۆرستی ئەم ڕووداوە لێك درایەوە، بەڵام دواتر دەركەوت كارێكی دزی بووە و لەلایەن چەند بكوژێك ئەنجام دراوە.



وشە - رامیار جەواد