ماوه‌یه‌كه كه‌مئاوی له هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه، تا ئاستێك گه‌ڕه‌ك هه‌یه شه‌ش ڕۆژه ئاو به بۆڕییه‌كانیدا نه‌هاتووه و خه‌ڵكانێكی ناچار به‌ماڵ چۆڵكردن كردووه. له كاتێكدا ئه‌وانه‌ی له بیره‌كان نزیكن، وه‌بن ئاو كه‌وتوون و له زۆرییان شه‌قامی پێ فێنك ده‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌بێت له‌سه‌ر به‌فیڕۆدان به وه‌ڵام بێت و سزا بدرێت، ئاخر ئێسته‌ش نرخی ده‌به‌یه‌ك و ڕووبارێك ئاو لای به‌رپرسان یه‌كێكه. به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر كه‌می ئاو بۆ كه‌می كاره‌با ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
هێشتا هاوین مانگێكی ته‌واو نه‌كردووه، پله‌ی گه‌رمی هه‌ولێری پایته‌خت سه‌رووی ٤٥ـه و به‌گشتی له‌و وه‌رزه‌دا خواستی ئاو و كاره‌با له به‌رزترینه. ساڵان له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كه هه‌ر گرفتی كاره‌با بوو، ئه‌مساڵ ئاویشی هاتووه‌ته سه‌ر. هه‌رچه‌نده كاره‌بای 21 سه‌عات به نیشتمانی و مۆلیده ئه‌هلییه‌كانه‌وه بۆ ئه‌و وه‌رزه ڕاگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام ئه‌وه به‌ده‌ردی خه‌ڵكانێك ناخوات و كه‌م نین ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی به‌هۆی نه‌بوونی ئاو، له‌به‌ر گڕی پانكه، به یاریی و نوقڵ منداڵی تاوبردوویان ژیر ده‌كه‌نه‌وه.
محه‌مه‌د له گه‌ڕه‌كی خانزاد ده‌ڵێ، "شه‌ش ڕۆژه ئاومان نییه و ئه‌وكاتانه‌ی كاره‌بای نیشتمانی ده‌بڕێت، ماڵه‌كه‌مان ده‌بێته جه‌هه‌نه‌م و به مۆلیده‌ش ناتوانین سپلیت داگیرسێنین". كه‌مێك خوارتر سیروان تازه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵ، له‌وكاته‌ی له‌به‌ر بێ ئاوی هه‌فته‌یه‌كی له گونده‌كه‌یان و ماڵی خزمان تێی په‌ڕاندووه، بۆ شه‌وه‌كه‌ی به‌دره‌نگه‌وه ٢٠ خوله‌ك ئاوی كۆڵانه‌كه‌یان هاتووه و بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "گوایه به مۆلیده‌وه كاره‌بای به‌رده‌واممان هه‌یه، به‌ڵام كاتێك ئاومان نه‌بێت له موبه‌ڕیده‌ی بكه‌ین، كاره‌بای مۆلیده به‌كه‌ڵكی چی دێ".
ئه‌و گه‌ڕه‌كانه كه‌م نین كه بێ ئاوی هاواری لێ هه‌ستاندوون. عه‌لی له گه‌ڕه‌كی ئازادی هه‌ولێره‌وه به "وشه"ی گوت "چوار ڕۆژه خۆم نه‌شووشتووه". به‌ڵام مه‌ریوان له پێنجی حه‌سارۆك و عه‌بدوڵا له هه‌ولێری نوێ و سه‌ركه‌وت له فه‌رمانبه‌ران و به‌گشتی گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی 100 مه‌تری، ده‌ردیان یه‌كێكه و قسه‌كانی ئه‌وان به كه‌م و زیاد دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
وه‌نه‌بێت ئه‌و بێ ئاوییه‌ی ئه‌وان له‌به‌ر نه‌بوون یا كه‌می ئاو بێت، به‌ڵكو له به‌دواداچوونه‌كه‌ی "وشه" ده‌ركه‌وت، ئه‌و خانووانه‌ی له بیره‌كانه‌وه نزیكن، ئاویان هه‌یه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان گۆماوێكیان له به‌رده‌م خانووه‌كانیان دروست كردووه و كه‌سیش نییه له‌سه‌ر زیاد به‌كارهێنانی ئاو سزا بدرێت. ئاخر هیچ سیسته‌مێك نییه تا ئه‌و كه‌سانه‌ی زیاد له پێویست ئاو به‌كار دێنن ده‌ربخات و پابه‌ندیان بكات. ئه‌و سیسته‌مه‌ی حكوومه‌ت بۆ وه‌رگرتنی ئاو پێڕه‌وی ده‌كات، به‌پێی ڕووبه‌ره كه بۆ هه‌ر مه‌ترێك ٥٠٠ دینار هه‌ژمار كراوه.
واتا خانوویه‌كی ١٠٠ مه‌تری پێنج هه‌زار و ٢٠٠ مه‌تریش مانگانه ١٠ هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گیرێت. جا ئه‌ڵای ده‌كرد ئه‌و مانگه هه‌ر له ماڵ نه‌ده‌بووی و ده‌به‌یه‌ك ئاوت به‌كار نه‌ده‌هێنا، یا ڕووبارێك ئاوت به‌فیڕۆ ده‌دا، له‌و سیسته‌مه تاقانه‌یه‌ی كوردستان هه‌ر یه‌كێكه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه له كاتێكدایه هه‌موو هاوبه‌شه‌كانی ئاو پێوه‌ریان له‌سه‌ر گیرفانی خۆیان بۆ به‌ستراوه و له‌گه‌ڵ هاتنی ئاو به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س حیسابی بۆ بكات، بۆ خۆی هه‌ر ده‌خولێته‌وه.
ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر، باس له گرفته‌كانی كه‌می ئاو ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، له وه‌رزی هاویندا خواستی ئاو به‌رز ده‌بێته‌وه و بیره‌كانی ئاو ڕۆژانه به‌لای كه‌مه‌وه ١٦ سه‌عات كاره‌بایان پێویسته، ئێسته ته‌نیا حه‌وت سه‌عات كاره‌بای پچڕپچڕیان پێ ده‌درێت و ئه‌وه‌ش هۆی كه‌می ئاوه. ئاری بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه "بیره‌كان به‌هۆی كه‌می كاره‌با، ٥٠%ی توانایان له ده‌ست داوه و تۆڕه‌كان پڕ ناكات تا ئاو بگات به هه‌موو هاوبه‌شه‌كان".
سه‌رچاوه‌ی ئاوی هه‌ولێر ٦٠%ی ئیفرازی یه‌ك و دوو و سێی سه‌ر زێی گه‌وره دابینی ده‌كات و ٩٠٠ بیریش كه ٧٠٠ یان له سه‌نته‌ری شار هه‌ڵكه‌وتوون، ٤٠%ـه‌كه‌ی تر ته‌واو ده‌كه‌ن.
ئاری ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ، "به‌شێكی زۆری كێشه‌ی كه‌مئاوی هه‌ولێرمان چاره‌سه‌ر كردووه، هه‌ندێكیان گرفتی ته‌كنیكییان هه‌بووه و ئێسته‌ش له هه‌وڵداین بۆ بڕینی سه‌رپێچییه‌كان كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ئاویان ڕاكێشاوه، به‌وه گرفتی ئاو به زوویی چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو، ته‌نیا له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر ١٥٣ هه‌زار هاوبه‌شی ئاو هه‌ن و پێوه‌ریان بۆ به‌ستراوه، كه‌چی هه‌ر به پێوه‌ری ڕووبه‌ر پاره‌ی ئاویان لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ش هۆی به‌فیڕۆدانه و حكوومه‌ت خۆی ڕێی به‌هه‌ده‌ردانی ئاوی به خه‌ڵك داوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر ئه‌و سیسته‌مه‌ی لا په‌سند نییه و ده‌ڵێ، "له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ به هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت، كار به خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كان ده‌كرێت".
به‌پێی ستانداردی جیهانی له به‌كارهێنانی ئاودا كه ٢٥٠ لیتر بۆ هه‌ر كه‌سێك دانراوه، هه‌ر تاكێكی كوردستان له به‌فیڕۆدانی ئاو، دوو ئه‌وه‌نده‌ی كه‌سانی وڵاتانی دراوسێ ئاو به‌كار دێنێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی له به‌رامبه‌ر ئاوی پاكی خواردنه‌وه له خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت، چه‌ندان به‌رامبه‌ر زیاتر له‌سه‌ر حكوومه‌ت ده‌وه‌ستێت. ئاری قادر ده‌ڵێ، "هه‌زار لیتر ئاو ٣٦٠ دینار تێچووه‌كه‌یه‌تی، له كاتێكدا خه‌ڵكی له به‌كارهێنانی زیاتر له ٣٦ هه‌زار لیتر ئاودا، ته‌نیا پێنج هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گیرێت".
وشه/ هه‌ولێر- چواس خالید