لە گرتووخانەی تاجی لە باكوری بەغدا چی روو دەدات؟

:: PM:06:19:16/07/2017 ‌

رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتی و ناوەخۆییەكانی عێراق داوای هەڵوێستی بە پەلە لە حكوومەتی عێراق دەكەن لە بەرامبەر پێشێلكارییە گەورەكان لە ناو گرتووخانەی تاجی لە باكوری بەغدا، ئەوان دەڵێن لە ترسی مانەوەیان و مردن بە نەخۆشی لەناو گرتووخانەكە، ئەوان تۆمەت دەكڕنەوە بۆ دەربازبوونیان. 

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لەبەر هۆكاری جیاواز سەتان هاووڵاتی عێراق بە تۆمەت و ناوی جیاوازەوە بەهۆی پاشخانی تایفی و تۆڵەسەندنەوە و تیرۆریستییانەوە لە گرتووخانەكانی عێراق گیراون و تا ئێستە زۆرینەیان دادگەیی نەكراون و تۆمەتیان نەخراوەتەوە پاڵ، لەو كاتەی لەژێر ئەشكەنجە و دووچاری نەخۆشی مەترسیدار بوونەتەوە وەك سیل، كە بەپێی ئامارەكانی ژمارەیان دەگاتە حەوت هەزار.

محەمەد عەلی بەڕێوەبەری رێكخراوی سەلام بۆ مافی مرۆڤ لەو بارەوە رای گەیاند كە زانیاری هەیە بەوەی پێشێلكاری لە گرتووخانەی تاجی لە زیادبووندایە و تەنیا دوێنێ لە سزایەكی بەكۆمەڵ گیراوان سەتانیان بە رووتی بردراونەتە بەر خۆر كە پلەكانی گەرما دەگەیشتە 55 پلەی سەتی و بەو هۆیەوەش ژمارەیەكیان لەهۆش خۆیان چوونە و تووشی خۆربردوویی هاتوونەتەوە.

زیاتر گوتی، ئێمە داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە بەهانای ئەوانەوە بێن و ئاشكرای كرد كە بەڕێوەبەرانی گرتووخانەكە بە پارە تۆمەت دەفرۆشنەوە ئەو گیراوانەی كە هیچ تۆمەتێكیان ئاراستە نەكراوە، بۆ ئەوەی دادگایی بكرێن و لەو دۆخەی هەیانە دەربازیان بێت، دووپاتی كردەوە كە نرخی تۆمەتی وا هەیە دەگاتە 50 ملیۆن دینار یان زیاتر بە پێی ماوەی كە لەسەر دەگیرێت و دواتر ئازاد دەكرێت. 

ئەو بەرپرسە روونی كردەوە، نزیكەی 65%ی گیراوان لەوانەن كە هیچ تۆمەتێكیان ئاراستە نەكراوە و مانەوەی ئەوانەش بەبێ تۆمەتباركردن واتە مانەوەیانە بۆ ماوەیەكی نادیار لە گرتووخانە و رەنگە تووشی ئازار و ئەشكەنجە و كوشتن یان مردن بە نەخۆشی بێتەوە، بۆیە ئەوان بەناچاری تۆمەت دەكڕن و نرخی تۆمەتیش بەپێی سووكییەكەی بەرزترە.

ئەو باسی پاڕانەوەی یەكێك لە گیراوان دەكات كە بەوان گەیشتووە لە گیراوێك كە ماوەی حەوت ساڵە گیراوە، ئەو داوای بەهاناچوونی دەكات بەتایبەتی كە هاوڕێكانی لە گرتووخانەكە لەبەر چاوییەوە و دوای یەك بە نەخۆشی و لە گەرمان دەمرن، ئەو دووپاتی كردەوە كە یەكێك لە گیراوان دوای دوو رۆژ لە هات و هاوار و ناڵین بەهۆی ئازارێكی زۆر لە سكییەوە و نەبوونی پزیشك گیانی لەدەست داوە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل