حەشدی شەعبی پاكتاوی باكوری بابل دەكات

:: PM:09:52:16/07/2017 ‌

بەرپرس و دانیشتوانی پارێزگای بابل دەڵێن كە بەشێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی 24 سعاتیان وەك مۆڵەت بۆ خەڵكی ناوچەكانی باكوری بابل دیاری كردووە كە پێویستە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بێڵن، ئەگینا دووچاری كوشتن و ئازاردان دەبنەوە. 

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سوننە) رای گەیاند كە ئەوەی بەسەر پێكهاتەی سوننە لە باكوری بابلدا دێت ناتوانرێت بێدەنگی لێ بكرێت و ئەوان دووچاری هەڵمەتێكی پاكتاوی تایفی رێكخراو هاتوونەتەوە كە بریتییە لە رفاندنی نزیكەی هەزار كەسیان.

زیاتر گوتی، هەروەها لە ماوەی سێ ساڵی دواییدا سەتانیان كوژراون لە رێگەی زنجیرەیەك كردەی رێكخراو كە بەئاشكرا روویان داوە، روونی كردەوە، دواترین ئەو كردانە بەر لە چوار رۆژ بوو كە 15 هاووڵاتیان لەوانەش شێخ قاسم مەهدی فنجان رفێندران و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە.

ئاماژەی كرد، هەروەها رێگری لە گەڕانەوەی 100 هەزار ئاوارەی ئەو ناوچانە بۆ شوێنەكانیان دەكرێت و خەڵكی ئەو ناوچانەش ماوەی 24 سعاتیان بۆ دیاری كراوە بۆ رۆیشتن ئەگینا دەكوژرێن و دووپاتی كردەوە كە مەبەستی ئەو هەڵمەتانەش گۆڕانكاری دیمۆگرافییە.

لای خۆیەوە بەرپرسێكی پۆلیسی ناوەخۆی بابل رای گەیاند كە چەند گرووپێكی چەكدار سەر بە حەشدی شەعبی نووسراویان لە چەند گوندێكی ناوچەكە بڵاو كردووەتەوە و داوا لە دانیشتوانیان دەكەن كە ناوچەكە جێ بێڵن، ئەگینا دەكوژرێن. 

زیاتر گوتی، میلیشیاكانی عەسائیب و خوراسانی و ئیمام عەلی و حزبوڵا بە موختاری گوندێكیان راگەیاندووە كە بەیانی دەگەڕێنەوە و ئەگەر ئەو كات خۆی و هاووڵاتییانی گوندەكەیان دۆزییەوە ئەوە سەری بە وێستگەی ئاوی گوندەكە هەڵدەواسن و راشی گەیاند كە رۆڵی پۆلیس ناوبژیوانییە بۆ پەشیمانكردنەوەی ئەو میلیشیایانە لە بڕیارەكەیان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل