شوێنگره‌وه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی دیاریی كرا

:: AM:08:30:17/07/2017 ‌
میدیاكانی ئیتاڵیا بڵاویان كردەوە، دوای كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئێستە جەلالەدین توونسی سەركردایەتیی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە بە شێوەیەكی كاتی دەكات، تا یەكێك لە كاندیدانی شوێنگرتنەوەی ئەبوبەكر بەغدادی یەكلایی دەكرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییه بڵاوكراوەكان هەریەك لە ئەبو محەمەدی شیمالی كە بە ڕەگەز سوورییە و جەلالەدین توونسی كە بە ڕەگەز لیبیییە لەگەڵ سەركردەیەكی بەلجیكی نێو داعش كە لە بنەڕەتدا جەزائیرییە، ئەو نوێنەرایەتیی ئەوروپا و باكوری ئەفریقا لە نێو ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات.

لە ماوەی ڕابردوو میدیاكان هەواڵی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان بڵاوكردەوە و پاشان بەڵگەیەك لە مووسڵی كۆن لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراق دۆزرایەوە، كە ئاگەدارینامەیەكی تیرۆریستانی داعش بوو بۆ سەركردەكانیان كە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نەدەن باسی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی بكرێ، چونكە ئەمە كاریگەری نەرێنی لەسەر ورەی چەكدارانی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە دەبێ.

میدیاكان دەڵێن، تا یەكلاكردنەوەی كەسێك بۆ شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی، بەشێوەیەكی كاتی سەركردە باڵاكانی داعش ڕێككەوتوون جەلالەدینی توونسی كاروبارەكانی سەرۆكایەتیی داعش بەڕێوە ببات.

ئەبوبەكر بەغدادی ناوی راستەقینەی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، لە 28 حوزەیران/یۆنیۆی 1971 لە نزیك شاری سامەڕا لە دایك بووە و هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقییە و لە زانكۆی بەغدا بەكالۆریۆسی لە یاسا بەدەست هێناوە و دواتر لە كۆلێژی شەریعەی ئیسلامی هەمان زانكۆ بەكالۆریۆسی لە توێژینەوەی قورئان و ماستەری شێوەی خوێندنەوەی قورئان و دواتریش دكتۆرای بەدەست هێناوە، بەر لە 2003 و ڕووخاندنی بەعس لە مزگەوتێكی بەغدا ئیمام و خەتیب بووە، دوای ڕووخانی بەعس، پێوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستانی قاعیدە كردووە و لەگەڵ ئەبو موسعەبی زەرقاوی سەرپەرشتی كارە تیرۆریستییەكانی قاعیدەیان لە عێراق كردووە. دوای لەناوبردنی زەرقاوی و گرتنی زۆرینەی ئەندامانی قاعیدە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، بەرەو سووریا ڕای كردووە و لەوێ رێكخراوی تیرۆریستی داعشی دامەزراندووە و خۆیشی وەك رابەڕی گرووپەكە كاری كردووە و لە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە جیا بوونەتەوە، لە 2014 دوای گرتنی ناوچەیەكی زۆری سووریا، هاتنە عێراق و دەستیان بەسەر سێیەكی خاكی عێراقدا گرت و لە مزگەوتێكی شاری مووسڵ "خەلافەت"ی داعشی ڕاگەیاند و خۆیشی وەك "خەلیفە" ناساند، ئەمەریكی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری پێشتر بۆ هەر كەسێك ڕاگەیاند كە شوێنی ئەبوبەكر بەغدادییان بۆ ئاشكرا بكات.

سەرچاوە/شروق.





وشە - باز ئه‌حمه‌د