برای سەرۆك كۆماری ئێران گیرا

:: AM:11:04:17/07/2017 ‌

حوسێن فەرەیدوون برای حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران، لە لایەن دەزگەی دادوەری ئێرانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی گیرا.

غولامحوسێن ئێژێیی گوتەبێژی دەزگەی دادوەری ئێران باسی لەوە كرد كە حوسێن فەرەیدوون بۆ گرتووخانە گواستراوەتەوە. ئەو هەروەها گوتوویەتی هیچ بارمتەیەكی دارایی بۆ دانەنراوە و تا دانانی بارمتە ئەو لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە.

ئەو بەرپرسەی دەزگەی دادوەری ئاماژەی بەوە نەكردووە، بڕی ئەو پارەیە چەندە كە دەبێت لە بری ئازادبوون، برای سەرۆك كۆماری ئێران بیدات.

پێویستە بگوترێت حوسێن فەرەیدوون یاریدەدەری تایبەتیی حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێرانە و بەوە تۆمەتبار كراوە لە دەستنیشانكردنی سەرۆكی بانكێكی حكوومی رۆڵی هەبووە، تۆمەتێك كە ئەو رەتی دەكاتەوە.

ئەو هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی رووحانی، رۆڵی یاریدەدەری هەبووە و تەنانەت لە دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران بەشدار بووە و رۆڵی بەرچاوی بینیوە.

ئیبراهیم رەئیسی كە ركابەری سەرەكی حەسەن رووحانی لە هەڵبژادنی ئەم دوایییەی سەرۆك كۆماریی بوو، حەسەن رووحانی بەوە تۆمەتبار كردبوو رێگە نادات كەسە نزیكەكانی دادگایی بكرێن.

ئەو گوتبووی بەرپرسانی دەزگەی دادوەری بە بەڵگەی تەواوەوە سەردانی نووسینگەی رووحانیان كردبوو، بەڵام سەرۆك كۆمار پێی گوتبوون ئەو پرسە دوا بخەن.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە گرتنی برای حەسەن رووحانی، پێوەندی بە ململانێی نێوان بناژووخوازان و لایەنگرانی حەسەن رووحانی هەیە.

سەرچاوە//بی بی سی




وشە - سلێمان تاشان