"مەترسی مردن لەسەر 300 ملیۆن منداڵ لە دنیادا هەیە"

:: AM:10:11:31/10/2016 ‌

سندووقی منداڵانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان "یۆنیسێف" بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە هۆشداری دەدات و رای دەگەیەنێت، مەرگ چاوەڕوانی زیاد لە 300 ملیۆن منداڵ لە دنیادا دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 31ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، رێكخراوی یۆنیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ژینگەی زەوی بە ئاستێك پیس بووە كە هەر ئێستە مەترسی مردن هەڕەشە لە زیاتر لە 300 ملیۆن منداڵ لە دنیادا دەكات.

زیاتر روون كراوەتەوە، ئەو منداڵانە لەو ناوچانەدا دەژین، پیسی ژینگە شەش ئەوەندەی ئاستی ستانداردی رێكخراوی تەندروستی جیهانییە.

لەو ژمارەیە 220 ملیۆن منداڵ لە ناوچەكانی ئاسیای باشووردا ژیان بەسەر دەبەن و دەستنیشانكردنی ئەو ناوچانەش بە هاوكاری وێستگەی ئاسمانی ناسا و رێكخراوی یۆنیسێف دەستنیشان كراوە.

ئەنتۆنی لیك، سەرۆكی رێكخراوی یۆنیسێف دووپاتی دەكاتەوە، پیسبوونی ژینگە بووەتە هۆی مردنی نزیكەی 600 هەزار منداڵ كە تەمەنیان لە ژێر پێنج ساڵانەوە بووە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، پیسبوونی ژینگە تەنیا كار لەسەر سییەكانی منداڵان ناكات، بەڵكو رێگە لە سوڕی خوێن و گەشەكردنی مێشك دەكات. كارتێكەری پیسبوونی ژینگە زیاتر لەسەر منداڵە هەژارەكانە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەو راپۆرتەی یۆنیسێفدا ئاشكرای كردووە، لە ساڵی 2012 نزیكەی سێ ملیۆن و 700 هەزار كەس كە 127 هەزاریان منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان بوون، بەهۆی پیسبوونی ژینگەی زەوی گیانیان لە دەست داوە.


وشە - هیدایه‌ت جان