شێخ گوڵ: سیحری ئەو زاوایانە بەتاڵ دەکەمەوە لە شەوی یەکەمدا سەرکەتوو نەبوون

:: PM:03:52:19/07/2017 ‌


شێخ سەید گوڵ عەوەڵانی یەكێكە لەو كەسایەتییە ئاینیانەی كە لە بنەماڵەی شێخانی عەوەڵانە و ساڵانێكە خەڵکی ناوچەکە بۆ بەتاڵکردنەوەی سیحر و نووسینی نوشتە دەچنە لای، وەك خۆی دەڵێ، لە رێگەی دوعاكردنی دروست سیحر بەتاڵ دەکاتەوە.

تا ئێستەیش لە سەردەمی بەجیهانیبوون و سەرباری ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی زانست بە هەموو رەهەندەکانییەوە بەخۆیەوە بینیوە، لە کوردستان هەن ئەو کەسانەی پێیان وایە گرێ دەروونی و نوقسانییە کۆمەڵایەتییەکانیان لە رێگەی نووسینی چەند دێڕێکەوە چارەسەر دەبێت.

لەدوای ساڵی 1789 و دەستپێکی شۆڕشی فڕەنسا، زانستی دەروونناسی و کۆمەڵایەتی یەک لەو زانستانە بوون کە زیاترین پێشکەوتنیان بەخۆوە بینی و بە سەدان فەیلەسوف لەو بوارانەدا دەرکەوتن کە شیکاری و خوێندنەوەی وردیان لەسەر شێوازەکانی رەفتاری مرۆڤ و چۆنیەتی مامەڵە کردنی بە سەردەمەوە خستووەتە روو.

ئێستە و دوای نزیک بە سێ سەدە لە رینیسانس، لە کوردستان کۆمەڵێک کەس کە لە ناویاندا کەسانی گەنجن، بۆ چارەسەری کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان پشت بە دوعا و نوشتە دەبەستن و شێخ گوڵ یەک لەو کاراکتەرە ئاینیانەیە کە گەنجان بۆ "بەتاڵکردنەوەی سیحر" دەستەوداوێنی دەبن و داوای نووشتەی لێ دەکەن بۆ ئەوەی ژیانی هاوسەرێتییان جێگیر ببێت.

سەید گوڵ لە لێدوانیکی تایبەتدا بۆ "وشە" دەڵی، ئەوانەی سەردانم دەکەن زۆربەیان کوڕ و کچی گەنجن كە بەربەستی هاوسەرگیرییان هەیە و سیحریان لێكراوە، یان ژن و مێردن و هە میشە كێشەیان هەیە.

ئەو شێخە دووپاتی دەکاتەوە، لە زۆربەی شوێنەكانی كوردستانەوە خە ڵك دێنە سەردانم، من حەز بە هاوکاری خەڵک دەکەم و لەو كەسانە ڕزگاریان دەكەم فاڵچێتی دەكەن و پارە لە خەڵكی داماو وەردەگرن.

"كێشەی ژن ومێرد هە بووە چوونەتە لای فاڵچی 12 وەرەقەی لێ وەرگرتوون و سودێكی دڵخوشكەرانەی نەبووە بەڵام من چارەسەری کێشەکانیانم کردووە"سەید گوڵ وای گوت.

شێخ پێی وایە، زۆربەی ئەوانەی كێشەیان هەیە و دێنە لام، لە یەكەم شەوی هاوسەرگیریدا بەختی كوڕەكە بەستراوە و نەیان توانیوە سەركەوتوو بن و لایەن كەسانی ترەوە سیحریان لێ كراوە.

شاناز كەمال، توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ "وشە" دەڵێ، زۆربەی ئەوكەسانەی ڕوو لە فاڵچی یەكان دەكەن لە ژێر هە رناوێكدا بێت لەڕووی ڕۆشنبیری كۆمەڵایەتییەوە لاوازن، چونكە پەنا بۆئەو جۆرە كەسانە دەبەن و بە شتی بێ بنەما چەواشەیان دەكەن وپارەیەكی زۆریان لێ وەردەگرن .

بە بڕوای هەرێم جەمالی توێژەری دەرونیش ئەوانەی دەچنە لای فاڵچی وساحیرەكان ئاستی دەرونیان بەجۆرێكە وادەزانن كێشەكانیان لەڕێگەی نوشتە و هەندێ‌ شتی نازانستییەوە چارەسەر دەبێت.

لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەژاری و شەڕی بەردەوام کۆمەڵگەکان لە پێشکەوتن و زانستی سەردەم دوا کەوتوون و ئێستەیش کۆمەڵگەکان بە هەندێک بەها بەڕێوە دەچن کە زۆربەیان لە خورافە و وەهمەوە سەرچاوەیان گرتووە و سەرباری تێکەڵاوی کولتووری و درووستبوونی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، هەوڵێکی ئەوتۆ نییە بۆ شکاندنی ئەو بەربەستانە.

سلێمانی/ڕێباز حەسەن



وشە - هیدایه‌ت جان