دووكەڵی رەش ئاسمانی بەغدا دادەگرێت

:: PM:07:35:09/10/2016 ‌

رێكخراوی كەشناسی عێراق پێشبینی دەكات كە لە چەند سعاتی داهاتوو دووكەڵی رەش ئاسمانی بەغدا و چەند پارێزگایەكی ناوەڕاستی عێراق دادەگرێت بە هۆی سووتاندنی بیرە نەوتییەكانی گەیارە.

ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دوو بیرە نەوتی كێڵگەی نەجەمەیان لە دەوروبەری شارەدێی گەیارە لە باشووری مووسڵ سووتاند كە تا ئێستە لەژێر كۆنترۆلی ئەواندایە، بێجگە لەو چەند بیرە نەوتەی كە تا ئێستە ئاگرەكانیان نەكوژاوەتەوە لە گەیارە.

بەپێی بەیاننامەیەكی رێكخراوەكە دووكەڵی رەشی سووتاندنی بیرە نەوتییەكانی گەیارە بەرەو باشوور بۆ بەغدا و چەند پارێزگەیەكی تر دەچێت و چاوەڕوان دەكرێ بە ئاسمانی سەڵاحەدین و باشووری كەركووك و دیالەش بڵاو ببێتەوە.

ساڵح جبووری بەڕێوەبەری شارەدێی گەیارە لەو بارەوە رای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دوو بیرە نەوتیان لە كێڵگەی نەجمە تەقاندووەتەوە كە تا ئێستە بەدەستی داعشەوەیە. 


وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت تا ئێستە سێ بیرە نەوتی كێڵگەی گەیارە ئاگری تیادا ماوە لە كۆی 15 بیر كە داعش بەر لە جێ هێشتنی گەیارە ئاگری تێبەردان بەر لە شەش هەفتە. 

شارەدێی گەیارە خاوەنی دوو كێڵگەی نەوتییە ئەوانیش گەیارە و نەجمەن كە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 30 هەزار بەرمیل نەوتیان هەبووە، هاوكات وەزارەتی نەوت بەدووری زانی كە بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانە تا كاتی ئازادكردنەوە ی مووسڵ دەست پێ بكاتەوە. 

بەر لە چەند هەفتەیەك سوپای عێراق بە پاڵپشتی فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش توانیان شارەدێی گەیارە لە باشووری نەینەوا لە داعش ئازاد بكەنەوە و بنكەی سەربازی گەیارەش بووەتە بنكەیەكی گرنگی كۆبوونەوەی سوپا و تفاقی سەربازی هێزەكانی بەشدار لە جەنگی مووسڵ.

وشە/مەوازین نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل




وشە - باز ئه‌حمه‌د