لەسەر كێشەی زەویوزار مامۆستایەك كوژرا

:: AM:11:24:20/07/2017 ‌

پۆلیسی دەڤەڕی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كەسێك لەلایەن مامی دەكوژرێت و تۆمەتبارەكەش گیراوە، هۆكاری كێشەكەش لەسەر زەویوزارە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تەمووز، پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعات حەوت لە گوندی (دوڕە) سەر بە شارەدێی هێرۆ لە شارۆكەی قەڵادزێ‌، لەسەر كێشەی زەویوزار هاووڵاتییەك بەناوی (ڕ . ئـ . ع) لە دایكبووی ساڵی 1970 دانیشتووی گوندی (دوڕە) كوژرا.

پۆلیس دەڵێت، كوژراوەكە پیشەی مامۆستایە لە قوتابخانەی (پشدەری خێرا)، كوژرانەكەشی لەسەر كێشەی زەویوزارە بە چەكی جۆری (كڵاشیكۆف) لە لایەن مامی خۆیەوە بووە كە ئاسەواری سێ فیشەك بە جەستەیەوە دیارە.

لەبارەی تۆمەتباری ڕووداوەكە پۆلیس رای گەیاندووە، پاش ئەنجامدانی تاوانەكە، بكوژەكە لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بنكەی ڕاپەڕین و فریاكەوتن گیراوە و بە گوتەی كەسوكارەكەشی تاوان لێكراو باوكی سێ كوڕ و كچێكە، پاش توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد