مەلا بەختیار: پاسداران هێنده‌ی پێشمه‌رگه‌ فیداکاریان بۆ کوردستان کردووە

:: PM:12:11:31/10/2016 ‌

مەلا بەختیار، سەرۆکی شاندی باڵی قۆرخکاری یەکێتی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری دەستەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران فیداکارییەکانی پێشمەرگە بە جوڵەکانی سوپای پاسداران بەراورد دەکات و پێی وایە سوپای پاسداران هێندەی پێشمەرگە فیداکارییان بۆ کوردستان کردووە، هاوكات عومه‌ر فه‌تاحی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ڵێ، دوژمنانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ دوژمنی خۆمان ده‌زانین.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم 31ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر شاندی باڵی قۆرخکاری یەکیتیی نیشتیمانیی كوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا بەختیار، به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لە تاران لەگەڵ موحسین رەزایی، سکرتێری دەستەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران کۆ بوونەوە و لەو دیدارەدا رەزایی داوای لە یەکێتی کرد رێگە لە خەباتی حزبی دیموکراتی کوردستان بگرن.

لەو دیدارەدا رەزایی سعوودیه‌ی بە دەستوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کرد و رای گەیاند، سعوودیه‌ پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دەکات بۆ ئەوەی درێژە بە چالاکی پێشمەرگانەیان لەناو ئێراندا بدەن.

رەزایی داوا لە شاندەکەی باڵی قۆرخکار دەکات، لەبەر ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی لە هەمووان زیاتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دۆستایەتی هەیە، رێگە نەدەن چیتر حزبی دیموکرات لە ناو رۆژهەڵاتی کوردستاندا خەبات بکات.

زیاتر دەڵێ، یەکیتی نیشتیمانی پێک هاتووە لە کەسایەتیی گەورە و داوا دەکەین بە گەورەیی خۆیان یەکپارچەیی ناو یەکێتی بپارێزن و یەکیتی نیشتیمانی لە سێ دەیەی رابردوودا پێوەندییەکی نەبڕاوە و بەردەوامی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە و هێما بۆ ئەوە دەکات: "35 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار مام جەلالم لە کرماشان بینی و پەیمانی برایەتیمان بەیەکەوە دا و دڵخۆشم کە تا ئێستەیش ئەو برایەتییە هەر بەردەوامە.



مەلا بەختیار لەو دیدارەدا رای گەیاند ئەوان ئامادەن هاوکاری تەواوەتی کۆماری ئیسلامی بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و یەکێتی جگە لە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و لەناوبردنی داعش، هیچ تێڕوانینێکی تری بۆ داهاتووی خۆی نییە.

دووپاتیشی دەکاتەوە، مام جەلال بەردەوامبوونی دۆستایەتی یەکێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئێمە داوا دەکات، یەکیتی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەموو حزبەکانی کوردستان هەیە و بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانمان پێویستیمان بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ئێمە پێوەندییەکانمان لەگەڵ شیعەی عێراق بە پێوەندییەکی تاکتیکی نازانین، بەڵکو بە پێوەندییەکی ستراتیژی هەژماری دەکەین.

مەلا بەختیار لە وەسفی موحسین رەزاییدا دەڵێ، بەڕێزتان پێگەیەکی دیارتان لەناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و ساڵانێک پارێزەری سوپای پاسدارانی ئێران بوون و گەشەتان پێدا. سوپای پاسداران هاوشێوەی پێشمەرگە فیداکارییان بۆ کوردستان کردووە.

ئەو لێدوانەی مەلا بەختیار لەکاتیکدایە دوای فەرمانی هێرشی خومەینی بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسداران زیاد لە 15 هەزار هاوڵاتی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوشتووە و لە سێدارەداوە و لە شەڕی نێوان ئەو سوپایە و پێشمەرگەی رۆژهەڵات زیاد لە 8 هەزار پێشمەرگە شەهید بوون.

لەو دیدارەدا عومەر فوتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی بە موحسین رەزایی راگەیاند، ئێمە کۆماری ئیسلامی ئێران بە خۆمانە هەژمار دەکەین و بۆچونەکانی مام جەلال لەبارەی ئێرانەوە درێژە دەدەین و دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوژمنی خۆمان دەزانین.

"هەندێک جار بەهۆی نزیکیمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتانی جیهان هیچ هاوکارییەکمان ناکەن، بەم هۆیەشەوە حەز دەکەین ئێوە پاڵپشتیمان بکەن، ئێوە ببن بە پارێزەر و پشتیوانێکی گەورە بۆ ئێمە، خەڵکی ئێمە لەڕووی پێداویستییەکانیانەوە لە تەنگژەدان و چاویان بڕیوەتە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران" عومەر فەتاح وای گوت.

دوێنێ یه‌كشه‌م 30 تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر شاندێكی باڵی قۆرخكاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی، سه‌عدی پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، پاڤێڵ تاڵه‌بانی كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی، یاسین سابر به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی ئێرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێكهاتبوون.

دوای به‌ڕێككه‌وتنی شانده‌كه‌، رێبین ته‌ها له‌ ڕاگه‌یاندنی باڵی ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و شانده‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ناكه‌ن و نوێنه‌رایه‌تی باڵی بنه‌ماڵه‌ ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ی رۆژی یەكی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ جێگرانی سكرتێری گشتی و 18 بەرپرسی باڵای یەكێتی لە ڕاگەیەنراوێكدا باڵی ناوەندی بڕیاریان ڕایگەیاند و باڵی هاوسەری تاڵەبانی و بنەماڵەی برایم ئەحمەدیان بە باڵی قۆرخكار ناوبرد و هاوكات بە هەڵوشینی سامانی خەڵك و سەفقەی ژێر بە ژێر تۆمەتباریان كرد، رۆژێك دوای ئەوەی باڵی قۆرخكار بەناوی "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی" لە سلێمانی كۆبوونەوە و ناوەندی بڕیاریان بە ناشەرعی لە قەڵەم دا و داوای هەرچی زووە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتییان كرد.

لەو كاتەدا شاندێكی ئێران گەیشتنە سلێمانی بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی كێشەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵام بێهیوا بوون و گەڕانەوە، زیاتریش پشتیوانی خۆیان بۆ باڵی قۆرخكار دەربڕی، چونكە ئەوان بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئێران و سیاسەتەكانی ئێران بە تەواوی جێبەجێ دەكەن.

موحسین رەزایی میرقائید، ساڵی 1954 لە مەسجد سولەیمانی پارێزگای مەشهەد لەدایک بووە. لە نێوان ساڵەکانی 1981 بۆ 1997 ماوەی 16 ساڵ فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و فەرماندەیی راستەوخۆی هێرشی سوپای پاسدارانی بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەستۆ گرتووە.

موحسین رەزایی کە ناوی راستەقینەی سەبزەوار رەزایی میرقائیدە، لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بوو و دوای ئینشیقاق لەو رێکخراوەیە لە ساڵی 1979 وەک فەرماندەی یەکەی پارێزەری ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەستنیشان کرا و لە تەمەنی 27 ساڵی بە فەرمانی خومەینی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی 1981 کرا بە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران.

ساڵی 1997 لە فەرماندەیی سوپای پاسداران لادرا و وەک سکرتێری دەستەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم دەستبەکار بوو، بەڵام دوای دوو دەیە دوورکەوتنەوە بە ناونیشانی گواستنەوەی ئەزموونەکان لە 9ی نیسان/ئەپریلی ساڵی 2015 گەڕایەوە ناو ریزەکانی سوپای پاسداران.


سه‌رچاوه‌/ ئیرنا، ئیسنا، ماڵپه‌ڕی موحسین ڕه‌زایی


وشە - هیدایه‌ت جان