ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەكات

:: AM:10:11:22/07/2017 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا هەڕەشەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و گوتی، ئەگەر هاووڵاتییە ئەمەریكییەكان ئازاد نەكات، ئەوا هەڵویستی توندی بەرامبەری دەبێت.

لە بەیاننامەكەدا ئێران بەوە مەحكوم كراوە كە وازی لە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی ناهێنێت و كردوویەتە ئامرازێك بۆ سیاسەتی دەرەكی خۆی.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا باس لەوە كراوە ئێران بەرپرسیارە لە سەلامەتی بارمتەكان و ترەمپ پێداگری لەوە كردووە پێویستە رابێرت لۆینسۆن ئازاد بكرێت كە ١٠ ساڵ بەند كراوە، هەروەها سیامەك و باقر نەمازی و هەموو ئەو ئەمەریكییانە ئازاد بكات كە ئێران گرتوونی.

پێویستە بگوترێت ئەمەریكا لە بەرنامەیدایە سزای تر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. نوێترین هاووڵاتی ئەمەریكی كە لە لایەن ئێرانەوە گیرابێت، خوێندكارێكی دكتۆرای زانكۆی پرینستۆنە كە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیی گرتوویەتی و بە ١٠ ساڵ زیندانیی سزای داوە.

زانكۆی پرینستۆنیش تۆمەتەكەتی رەت كردووەتەوە و گوتوویەتی، خوێندكارەكە لەسەر بەڵگەنامەكانی قاجار لە سەدەی رابردوو كاری كردووە.

باقر نەمازیش كە تەمەنی ٨١ ساڵە بۆ ئێران گەڕاوەتەوە تا كوڕەكەی رزگار بكات، بەڵام ئەویش گیراوە، ئەو كوڕ و باوكە ئێرانین و رەگەزنامەی ئەمەریكایان هەیە.

جگە لەو چەند كەسەی ئاماژەی پێ كرا، ١٢ كەسی تر لە لایەن ئێرانەوە بە بارمتە گیراون.

سەرچاوە/Voa



وشە - سلێمان تاشان