كۆرپه‌یه‌كی یه‌ك ساڵی لە سلێمانی بەهۆی دڵپیسی باوکییەوە بێلانە بووە و هەر ماوەیەک لە ماڵی پوور یان مامەیەكیه‌تی، بۆیه ئێسته لە ژێر مەترسی ئەوەدایە ببرێتە خانەی بێسەرپەرشتان، چونکە باوکی لە دەرەوەی وڵات و دایکیشی كه هه‌ر ئه‌وكاته‌ی منداڵه‌كه‌ی‌هێنایه دنیا و ده‌ینێرێته‌وه بۆ كه‌سوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی له سلێمانی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ده‌ژی.
"بیلال" ئەو کوڕە یەک ساڵیەی هێشتا چاوی به‌ته‌واوی نه‌كراوه‌ته‌وه، نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان ده‌وره‌یان داوه، ئه‌و کاتێک لەناو سکی دایکیدا بووه، باوکی خۆی ده‌ست له خاوه‌نداری هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه وا ده‌كات لە دایکیشی له یه‌كه‌م ساتی هاتنه دنیای، ته‌نانه‌ت نه‌یه‌ڵێ بیشیبنێت و ره‌وانه‌ی ماڵباتی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه وه‌ك كاردانه‌وه‌ی ره‌فتاره‌كه‌ی باوكی.
"سۆزان" پووری بیلالی یه‌ك ساڵه كه ره‌نگه منداڵییه‌كه‌ی باشترین هۆكار بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و چاره‌نووسه خراپه‌ی خۆی رانه‌مێنێ، ئێسته به‌خێوكه‌ری منداڵه‌كه‌یه و له دیدارێكی كورتدا، چیرۆکی خێزانە لێکهەڵوەشاوەکەی بیلال بۆ "وشە" باس دەخاته ڕوو. به گوته‌ی سۆزان، "تولا" دایکی بیلال، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هاوسه‌ره‌كه‌یشی كه برای سۆزان ده‌كات ناوی "سۆران"ـە
چیرۆكی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی تولا و سۆران له هاتوچۆی پیاوه‌كه‌وه بۆ ئێران ده‌ست پێ ده‌كات كه بۆ کاری کڕین و فرۆشتن ده‌ڕوات و لەوێ ئه‌و كچه ده‌ناسێ و هاوسەرگیری ده‌که‌ن، ماوەیەک پێکەوە ده‌ژین، بەڵام هەمیشە ناخۆشییان هەبوو. سۆزان ئه‌وه ناشارێته‌وه كه "ناخۆشییەکەی ئەوان بە بەردەوامی لەسەر ئەوە بوو تولا دەیویست بچنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و لەوێ بژین، بەڵام براکەم نەیدەویست، بۆیه لە ماوەی دوو ساڵدا تولا چەند جارک تۆرا، سۆران له‌وكاتانه‌دا كه ژنه‌كه‌ی تۆرابوو ده‌چوو بۆ دەرەوەی وڵات".
سۆزان كه ئێسته دایك و باوكی بیلاله، ددان به‌وه‌دا ده‌نێ كه برا و براژنه‌كه‌ی له‌و بابه‌ته‌كدا هه‌ردووكی تاوانبارن و و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه كه "ئێمە قەت نەدەچووینە نێوانیان، هەمیشە دەمانگوت خۆتان هەوڵ بدەن له یه‌کتر تێبگەن و کێشەی نێوانتان چارەسەر بکەن.
سۆزان نایشارێتەوە کە براکەی زۆر ئازاری براژنەکەی داوە و به‌گوته‌ی خۆی، زۆرجار بە لێدان هەموو گیانی ده‌شکاند و ئەوەی ده‌قۆستەوە کە تولا کەسی لە سلێمانی نییە، بۆیە بە ویستی خۆی ئازاری دەدا و زۆر خراپ بوو لەگەڵی.
لە ماوەی دوو ساڵی هاوسەرگیری تولا و سۆراندا چەند جارێک دەگەن بە بڕیاری جیابوونەوە، بەڵام سۆران ڕازی نابێت، دواجار بەهۆی سكاڵای تولا لە سۆران، دادگا بڕیاری جیابوونەوەیان ده‌دات، ئه‌وه كاتێك بوو كه كار له‌كار ترازابوو، هه‌رچه‌نده خێزانی سۆران هەموویان ئه‌و ئاواته دووباره ده‌كه‌نه‌وه كه "بەر لە دروستكردنی بیلال جیابوونەوە ڕووی بدایە، چونکە بیلال ئێستا بێنازی دایک و باوکی هەر ماوەیەك لەناو ماڵێكدا بەخێو دەکرێت".
بیلال ماوەی سێ مانگە لە ماڵی سۆزان ده‌ژی، بەڵام ژیانی نە لە ماڵی ئەوان و نە لە ماڵی مام و پورەکانی پارێزراو نییە. سۆزان دەڵێت "نە هاوسه‌ری من و نە براژنەکانم رازی نین بیلال بەخێو بکەن، بۆیە كار وا بڕوات ناچارین بیدەین به خانەی بێسەرپەرشتان".
ده‌ستهه‌ڵگرتنی سۆران له منداڵه‌كه‌ی به‌هۆی گومانێك بووه كه هی خۆی نه‌بێ، ئه‌مه كاریگه‌ریی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر ماڵی تولا دروست ده‌كات له كاتێكدا هیچ گومانیان له كچه‌كه‌یان نییه و زۆر تامه‌زرۆی ژیان بووه، به‌ڵام ئه‌شكه‌نجه‌دانی له‌لایه‌ن سۆرانه‌وه به‌و چاره‌نووسه‌ی گه‌یاند جیا ببنه‌وه، بۆیه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی باری ده‌روونی خۆیان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تانه‌كه بۆ ماڵباتی سۆران، منداڵه‌كه ده‌نێرنه‌وه بۆ سلێمانی بێ ئه‌وه‌ی رێ بده‌ن تولا چاوی پێی بكه‌وێت و په‌یامێك ده‌نێرن كه پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بكه‌ن تا دڵنیا بن منداڵه‌كه هی سۆرانه.
لەو کاتەی تولا دەزانێت کە دووگیانە، سۆران لەدەرەوەی وڵات دەبێت، بە گوتەی سۆزان، کاتێک تولای بە سۆران دەڵێت دووگیانە، سۆران حاشا دەکات و دەڵێت منداڵەکەت لەمن نەیە، تولای زۆر هەڵ دەدات بۆئەوی قەناعەت بە سۆران بهێنێت، بەڵام سۆران بڕوا ناهێنیت و دەڵێت تا دەگەڕێمەوە لەماڵ نەمابیت دەنا خۆت و منداڵەکەی ناو سکیشت کە خودا بزانێت لەکێێە دەتان کوژم.
لای خۆیه‌وه سوزانی خوشكی سۆران جەخت دەکاتەوە کە تولا هەرچەند پێوەندی لەگەڵ براکەیدا خراپ بووبێت، بەڵام ژنێکی داوێنپیس نەبووە و قەت ناپاكی نەکردووە. ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نێت كه تولا دوای ئەوەی هەموویانی لە هەڵوێستی سۆران ئاگادار کردووه‌تەوە بەرامبەر دوو گیانییەکەی، دواتر ماڵی جێهێشت و گوتی "تەنیا لەبەر سەلماندنی پاکی خۆم منداڵەکە دێنمه دنیاوە و بۆتان دەنێرمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باجی شێواندنی ناوبانگی خه‌ڵك بده‌ن به به‌خێوكردنی منداڵه‌كه.
سۆزان نایشارێتەوە کە پشکنینیان بۆ بیلال ئەنجام داوه و دڵنیابوون له‌وه‌ی بیلال له سۆران دروست بووه، به‌ڵام براكه‌یان وتویه‌تی ناگه‌ڕێته‌وه كوردستان. سۆزان گوتی "براکەم نەگەڕایه‌وه بۆ یه‌كجاریش منداڵه‌كه‌ی ببینێ، دایکیشی نەیبینووە و نایەوێ بیبینێت، بۆیە بیلال ئێسته بێ دایک و باوکە و ئێمەش ناتوانین بەخێوی بکەین".
هەولێر/ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان