كۆبوونەوەی یەكێتی و كۆمەڵ ئەنجامی نەبوو

:: PM:02:07:22/07/2017 ‌

لەدوای گەڕانەوەی شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران، شاندێكی ئەو حزبە سەردانەكانی بۆ لای حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە بۆ گەیاندنی پەیامی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ریفراندۆمی باشووری كوردستان. ئەمڕۆش لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە كۆمەڵی ئیسلامی كرد.

ئەمڕۆ شەموو 22ی تەمووز، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە "وشە"، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ كراوە لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم و ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای یەكێتیی بۆ ئێران و هەڵوێستی ئێران لەسەر ڕیفراندۆم.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتی و یەكێتی بەبێ‌ مەرج بۆ لایەنە سیاسییەكان كراوە و هەڵوێستێكی ڕوون لەسەر ئەم بابەتە نەبووە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە هەریەكە لە یەكێتی و كۆمەڵ كرد بەڵام بە بیانۆی جیاواز ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی  شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتێكدایە كە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوو لایەنی هەرێمی كوردستان بوون لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بەشدار نەبوون، تا ئێستە هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی ئەو پرسەوە بە فەرمی دەرنەبڕیوە، هەرچەند بزووتنەوەی گۆڕان وەك ئاماژەی پێ دەدەن "مەبدەئییەن" لەگەڵ پرسی ریفراندۆمن، بەڵام ئەوان كۆمەڵێك مەرجیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و یەك لەوان كاراكردنەوەی پەرلەمانە.



وشە - رامیار جەواد