بەكارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن مەترسیدارە

:: PM:03:23:22/07/2017 ‌

هەموومان حەز دەكەین پێش خەوتن سەیرێكی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بكەین یان یارییەك بكەین یان سەیری كەشوهەوای سبەی بكەین، یاخود نامە بۆ هاوڕێیەكتان بنێرن، بەڵام توێژینەوەكان سەلماندوویانە ئەم كردارە مەترسی و كاریگەری خراپی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەك، بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكان بەر لە خەوتن سێ مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات كە بریتین لەمانەی خوارەوە.

یەكەم: ئەگەری تووشبوونتان بە شێرپەنجە زیاد دەكات، ڕووناكی مۆبایلەكەت لە شەو وا دەكات تووشی خەوزڕان بیت، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات، بە تایبەت تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات.

جگەلەوە مادەی میلاتۆنین كە هۆڕمۆنی خەو لە جەستەدا ڕێك دەخات و دژە ئۆكسیدێكی بەهێزە و چەكێكی سروشتییە دژ بە شێرپەنجە، بەڵام بەكارهێنانی مۆبایل لە درەنگانی شەودا بەهۆی ئەو تیشكە شینەی كە لە مۆبایلەوە دەردەچێت، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەردانی میلاتۆنین، بەمەش خانە شێرپەنجەیییەكان بە ئاسانی گەشە دەكەن.

دووەم: خەوزڕان، تیشكە شینەكانی مۆبایلە زیرەكەكان كاریگەری لەسەر مادەی میلاتۆنین و هۆڕمۆنی خەو دادەنێ و كەمی دەكاتەوە، ئەگەر ئەو هۆڕمۆنە لە لەش دا كەم بكات، ئەوا تووشی خەوزڕان دەبن، خەوزڕانیش بەگوێرەی توێژینەوەكان دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش و بێتاقەتی و دڵەكزێ و ماندووبوونی مێشك و چاوكزی.

سێیەم: لەدەستدانی توانای بینین، بەگشتی ئەو تیشكەی لە مۆبایلەكان دەردەچێت، تۆڕی چاو ئاڵۆز دەكات و وا دەكات ئازار دروست ببێ و فرمێسك لە چاوەكانتان بێتە خوارەوە، بەمەش چاوەكانتان وردە وردە لاواز دەبێ و تا لە كۆتادا توانای بینین لە دەست دەدەن.

سەرچاوە/ getholistichealth
وەرگێڕانی: ڕۆزی عەبدولرەحمان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د