خەزعەلی: حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی شیعە دروست بووە

:: PM:02:17:31/10/2016 ‌

سكرتێری گشتی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاشكرای كرد، حەشدی شەعبی لە پێناوی پاراستنی زۆرینەی كۆمەڵگە و سیاسی عێراق و شیعە دامەزراوە، ئەوەش ئەركی حەشدی شەعبی دەبێ لە داهاتوودا.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق كە بەشێكە لە میلیشیاكانی شیعە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانێكیدا گوتی، حەشدی شەعبی لە پێناوی شەڕكردن دژی داعش و بەرگری لە عێراق لەسەر فتوای مەرجەعی دینی نەجەف پێكهێنرا، بۆ پاراستنی زۆرینەی سیاسی و كۆمەڵگەی عێراق كە شیعەكان پێكی دەهێنن،  بۆیە ئامانجی سیاسی حەشدی شەعبی پاراستنی عێراق و فەرمانڕەوایەتی شیعەیە لە عێراق بەگوێرەی دەستوور و یاسا.

هەروەها گوتی، دوای 2003 كە رژێمی بەعس ڕووخا، شیعە زۆرینەی پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراق بوون و حكوومەتیان پێكهێنا و سەرۆك وەزیران موسڵمانێكی شیعەیە و ئەركی حەشدی شەعبیش بریتییە لە پاراستنی ئەو زۆرینەیە لەسەر حوكم.

بەگوێرەی فەرماندی ژمارە 91ی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ساڵی 2014 دەستەی حەشدی شەعبی دامەزرێنرا و مووچە و دەسەڵات و چەكیان بۆ دابین كرا.

حەشدی شەعبی لە 13ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی شیعە و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق دامەزرا، ژمارەیان 140 هەزار چەكدار دەبێت و بودجە و چەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابین كراوە و لەمیانەی بەشدارییان لە شەڕەكانی ئەنبار و  تكریت و فەلووجە و ناوچەكانی دیالە و باشووری كەركووك پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە تكریت ماڵ و سامانی خەڵكیان دزی و لە فەلووجە بە مووشەك هاووڵاتییانی مەدەنیان بۆردمان كرد و لە دیالە و ناوچەكانی تریش نزیكەی 250 مزگەوتیان وێران كردووە و تەقاندوویانەتەوە.

سەرچاوە: nnc


وشە - باز ئه‌حمه‌د