سبەی یەكێتی و پارتی كۆ دەبنەوە

:: PM:04:10:22/07/2017 ‌

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەردانی شاندەکەیان بۆ ئێران، شاندێکی پێک هێناوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەیش ئاشکرای دەکات، سبەی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی تەمووز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی سەرجەم حزبەكان دەكات و كۆبوونەوەكان چەند بابەتێكی تێدا باس دەكرێت.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، لە بەرنامەماندایە لەم دوو ڕۆژە لەگەڵ شیوعی و یەكگرتوو و زەحمەتكێشان و پارتی كۆبوونەوە ئەنجام بدەین و سەردانی حزبی تریش دەكەین.

پیرە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان گوتی، ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ئێرانمان كرد هەڵوێست و پێشبینییان دەخەینە ڕوو بۆ حزبەكان، هەروەها گفتوگۆ لەسەر هەڵوێستی ئەوروپا بەتایبەت لە كۆبوونەوەكانی بڕۆكسل دەخەینە ڕوو و گفتوگۆیان لەسەر دەكەین.

لەدوای گەڕانەوەی شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران، شاندێكی ئەو حزبە سەردانەكانی بۆ لای حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە بۆ گەیاندنی پەیامی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ریفراندۆمی باشووری كوردستان. ئەمڕۆش لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە كۆمەڵی ئیسلامی كرد.



وشە - رامیار جەواد