17 سەركردەی ئافرەتی داعش كرانە ئامانج

:: PM:05:43:22/07/2017 ‌
سەرچاوەیەك لە مووسڵ رای گەیاندووە كە بەهۆی بۆردمانكردنی بارەگەی "كەتیبەی خەنسا"ی ئافرەتانی داعش لە رۆژئاوای مووسڵ، 17 سەركردەی ئافرەتی رێكخراوەكە لە نێوان كوژراو بریندار پێكراون.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ شەموو روونی كردەوە كە مووشەكێكی نادیار خانووێكی دوو نهۆمی لە ناوەڕاستی شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ كردووەتە ئامانج كە رێكخراوی داعش وەك بارەگەی "كەتیبەی خەنسا" بەكاری هێناوە، ئەو كەتیبەی كە هاوسەر و خوشكی سەرانی داعش و ئەندانمانی لەخۆی گرتووە لەوانە ئافرەتی بیانی. 

زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكان بەو هۆیەوە حەوت تا 10 ئافرەت كوژران و حەوتی تریش بریندار بوونە كە زۆرینەیان سەركردەی ئەو كەتیبەیەن، ئاماژەی كرد كە چەكدارانی داعش سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمی كوژراوان بوونە لەژێر پاشماوەی وێرانبووی بارەگەكە.

دووپاتی كردەوە كە لە نێوان كوژراواندا هاوسەری ئەبو یوسف كە ئەمیری دیوانی سەربازی داعشە كە بەرەگەز مەغریبییە، بەڵام نازاندرێت كە رەگەزی ئافرەتەكە كوێیە.

داعش لە حوزەیرانی 2014 دەستی بە هێرشێكی فرەوان كرد لە عێراق و توانی چەندان شار داگیر بكات، ئێستەش ناوچەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ لە دوای ئازادكردنەوەی هێشتا بەدەستی داعشەوە ماوە، لە 10ی تەمووزی ئەمساڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئازادبوونەوەی مووسڵ راگەیاند.

 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل